نوچەنێت
سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگادا بڕیار لەسەر بەردەوامی كاركردنی كەناڵە لۆكاڵییەكان دراوە، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە كێشەی گرانی نرخی بەنزین چارەسەر دەكرێت.
عەلی رەشید، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، لە پرێس کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەندا گفتوگۆ لەسەر چوار تەوەر كراوە، كە لەناویاندا كێشەی گرانیی نرخی بەنزین و پرسی داخستنی كەناڵە ناوخۆییەكان بووە.
عەلی ڕەشید ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، ئەندامانی ئەنجومەن بەكۆی دەنگ بڕیاریان دا سیستەمی كاركردنی كەناڵە لۆكاڵییەكان وەك خۆی بمێنێتەوە، تا ئەوكاتەی دادگا بڕیاری لەسەر دەدات، گوتیشی “داوامان لە وەزارەتی رۆشنبیریش كردووە گرێبەستێك بە وەردەكارییەوە ئامادە بكات، پاشان بە شێوازی ئاشكرا و مەرجدار و بە شێوەی تەندەر بڵاو بكرێتەوە، ئەمەش وا دەكات زۆرترین كۆمپانیا بێنە ناو پرۆسەكەوە و كێشەكە لە بەرژەوەندیی هاوڵاتیاندا یەكلایی دەبێتەوە”.
سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێت، كە خاڵێكی دیكەی كۆبوونەوەكە پرسی گرانبوونی نرخی بەنزین بووە، لەمبارەیەوە گوتی “حكومەتی عێراق پێشتر بڕیاری دابوو بۆ یەكەمجار دوو ملیۆن لیتر بەنزین بۆ هەولێر، دوو ملیۆن بۆ سلێمانی و ملیۆنێك لیتر بۆ دهۆك بنێرێت”.
عەلی رەشید باسی لەوەش كرد، كە ئەم بڕە بەنزینە كەم بووە، بۆیە كێشەكە لەگەڵ پارێزگار و وەكیل وەزیری نەوتی عێراق تاوتوێ كراوە، “دواتر وەزارەتی نەوتی عێراق بڕیاری دا رۆژانە دوو ملیۆن لیتر بۆ هەولێر، دوو ملیۆن لیتر بۆ سلێمانی و ملیۆنێك لیتر بەنزین بۆ دهۆك دابین بكرێت”.
سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر روونی كردەوە، کە بەدابینردنی ئەم بڕە لە بەنزین بۆ پارێزگای هەولێر كێشەی كەمیی بەنزین نامێنێت و نرخەكەشەی لە نێوان 600 بۆ 650 دینار بۆ هەر لیترێك تێپەر ناكات.