نوچەنێت: تایبەت
بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەكانی رایدەگەیەنێت، ئەو هێزی توركیا كە چوبوونە گوندی بەرمیزە كشاونەتەوە بارەگاكانی خۆیان. دەشڵێت “خەڵك رەتیكردووەتەوە هاوکارییان بکات”.
رۆژی 31ی ئایاری 2018، هێزێكی سوپای توركیا بە چەند ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە چوونە نێو گوندی بەرمیزە، لە سنووری شارۆچكەی سیدەكانی قەزای سۆران.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، ئیحسان چەلەبی، بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەكانی سەر بەقەزای سۆران، لەبارەی بوونی ئەو هێزە لەناو ئەو گوندە راگەیاند: ئەو هێزی هاتبوونە گوندی بەرمیزە ئیستا بەتەواوەتی لە گوندەكە دووركەوتوونەتەوە و كشاونەتەوە بارەگاكانی خۆیان سەرەتاش كە هاتبوون تەنیا دوو كاژێر لەناو گوندەكەدا مابوونەوە.
ئیحسان چەلەبی دەڵێت “داوای هاوکارییان لە خەڵک کردووە، بەڵام خەڵكەكە رەتیانکردەوە، بەوهۆیەشەوە گوندەكەیان بە تەواوەتی چۆڵكردووە، بەهۆی ئەوەی گوندەكەیان نەبێتە شوێنی ململانێی سیاسی.