نوچەنێت
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاروبارى ئێزدییه‌كان له وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف و كاروبارى ئایینی حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، دوا ئامارى قوربانیانى ئێزدییه‌كان به‌ده‌ست داعش راگەیاند.
له هێرش و پەلاماری رێکخراوی ئیسلامی ناسراو داعش، بۆ سه‌ر شنگال و ده‌ورووبه‌رى له 3-8- 2014، 6417 كه‌س ڕفێندران، له‌وانه 3548 كه‌سیان ئافره‌ت و كچ بوون و 2869 كه‌سیان له ره‌گه‌زى نێر بوون.
دواى هه‌وڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، توانرا 3300 ئافره‌ت له چنگ داعش ڕزگار بكرێن، هه‌روه‌ها 1150 پیاو و 337 منداڵ.
به‌پێی داتا و ئاماره‌كانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه، كه له‌لاى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووكانیش به‌دیكۆمێنت كراوه، ژماره‌ى ئێزدییه‌كان نزیكه‌ى 550 هه‌زار كه‌س ده‌بێت. ژماره‌ى ئاواره‌كان به‌هۆى هێرشه‌كانى داعشه‌وه نزیكه‌ى 360 هه‌زار كه‌س ده‌بێت، ژماره‌ى شه‌هیده‌كانیش هه‌ر له یه‌كه‌م ڕۆژى هێرشه‌كه، گه‌یشته 1293 كه‌س.
هه‌ر به‌پێی ئاماره‌كان، ژماره‌ى ئه‌و منداڵانه‌ى بێ باوك كران، 1759 منداڵ بوون، ئه‌وانه‌شى بێ دایك كران 407 منداڵن، هاوكات 359 منداڵ بێ باوك و بێ دایك كران، هه‌روه‌ها 220 منداڵیش باوك و دایكیان له‌لایه‌ن داعشه‌وه ڕفێندران و به‌وه‌ش كۆى منداڵه قوربانییه‌كان گه‌یشته 2745 منداڵ.
ژماره‌ى گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان له شنگال، كه تائێستا ئاشكرا كراون، 68 گۆڕى به‌كۆمه‌ڵه، ئه‌مه جگه له ده‌یان گۆڕى تاك تاك. ژماره‌ى مه‌رقه‌د و مه‌زارگه‌كان كه له‌لایه‌ن داعشه‌وه ته‌قێنراونه‌ته‌وه 68 مه‌زارگه‌یه.
ئەوەش روونكراوه‌ته‌وه، کە زیاتر له 100 هه‌زار هاوڵاتى سه‌ر به ئایینی ئێزدی، به‌ناچارى وڵاتیان جێهێشتووه و كۆچیان بۆ ده‌ره‌وه كردووه.