پەرلەمانی عێراق بەنیازە ئەم بڕیارە دژی کۆمسیۆن پەسەند بکات

0

نوچەنێت: تایبەت

پەرلەمانتارێکی کۆمەڵ لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، بەپێی ئەو پڕۆژەیاسایەیی، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ خوێندنەوەی دووەمی بۆ كراوە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق پابەند دەكات بە هەژماركردنەوەی دەستی بۆ  هەموو دەنگەكانی هەڵبژاردنی ١٢ی ئایار.

رۆژی چوارشەممەی رابردوو پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی، بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری سێهەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (٤٥) بۆ ساڵی٢٠١٣ كرد، ئەمڕۆش ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبووەوە و خوێندنەوەی دووەمی بۆ پڕۆژە یاساکە کرد.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، زانا رۆستایی، ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە  ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەبارەت بە پڕۆژەیاساکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکان رایگەیاند “لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاساکە کرا و دوای خوێندنەوەی دووەمیش دەبێت چوار رۆژ بەسەریدا تێپەڕێت، ئەوکات دەتوانرێت دەنگی لەسەر بدرێت، بۆیە رۆژی چوارشەممەی داهاتوو دیاری کراوە بۆ دەنگدان لەسەری”. 

زانا رۆستایی دەڵێت “ئەگەر یاساکە دەنگی لەسەردرا و ژمارەی یاسایی ئامادەبێت لە کۆبوونەوەکەدا، ئەوا لەڕۆژی دەنگ لەسەردانیەوە، کۆمسیۆن و لایەنە پەیوەندیدارەکان پابەند دەکات بەجێبەجێ کردنیەوە. هەر لەو رۆژەوە، کە دەنگی لەسەر دەدرێت ئەنجومەنی کۆمسیاران دەسەڵاتیان نامێنێ و دەسەڵاتەکەیان دەکەوێتە دەست دەسەڵاتی دادوەری، کە ئەوان کۆمسیۆن بەڕێوەدەبن بەشێوەیەکی کاتی، تاکو ئەم کێشانە چارەسەر دەبن”.   

رۆستایی گوتیشی “بەپێی گفتوگۆکانی ئەمڕۆی ناو پەرلەمانی عێراق، ٩ دادوەر جێگای نۆ ئەندامەکەی کۆمسیاران دەگرنەوە، بێجگە لەوەش لە هەر پارێزگایەکدا دادوەرێک سەرپەرشتی ئۆفیسی کۆمسیۆن دەکات، تاکو راگەیاندنی ئەنجامەکان تەواو دەبێت و ئەم قۆناغەی، کە ماوە لە ژماردنەوەی دەستی و سەیرکردنی تانە و سکاڵاکان کۆتایی دێ، ئەوکاتە ئەنجامە راستەقینەکانی هەڵبژاردن دەردەکەوێت، هیچ دەسەڵاتێکی بەدەست ئەنجومەنی کۆمسیارانەوە نامێنێت”.  

ئەو پەرلەمانتارەی کۆمەڵی ئیسلامی ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی یاساکە دەنگدانی ئەلیکترۆنی لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق هەڵدەوەشێتەوە و سەرجەم سندوقەکانی دەنگدان لەهەموو پارێزگاکان جارێکی تر بەدەستی هەژمار دەکرێنەوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com