نوچەنێت: تایبەت
بەرپرسێکی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بە فەرمی وەک لێکۆڵەرێک لەکاروباری ئایینەکان بانگهێشتی کۆنگرەی زەردەشتییەکان کراوم لەگەڵ نوێنەری زەردەشتییەکان لە هەرێمی کوردستان.
1ی ئەم مانگە یەکەم ڕۆژی کۆنگرەی 11ی زەردەشتییەکانی جیھان بوو، کە لە شاری Perthی باشووری ڕۆژئاوای کیشوەری ئوسترالیا بەڕێوەی دەبەن و ناو و ئاڵای کوردستان وەکوو دەوڵەتێکی سەربەخۆ لەناو 27 دەوڵەتی جیھاندا ئاماژە پێداوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، مەریوان نەقشبەندی، بەرپرسی پەیوەندییەکان و پێکەوەژیان، لەوەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، لەبارەی بەشدارییان لەکۆنگرەی زەردەشتییەکان رایگەیاند: بەفەرمی وەک لێکۆڵەرێک لە کاروباری ئایینەکان دەعوەت کراوم لەگەڵ خاتو ئاوات حسامەدین، نوێنەری زەردەشتیەکان لە هەرێمی کوردستان. گوتیشی “ئەوان دەیانزانی لە عیراقدا ئیعتیراف بە زەردەشتی ناکرێت وەک ئایین”.
مەریوان نەقشبەندی دەڵێت، دەیانویست لەم کۆنگرەیە جیھانیە گەورەیەدا، کە زیاتر لە ٥٢٠ ھەزار دۆلاری لەلایەن زەردەشتیەکانی دنیاوە بۆ تەرخان کردبو، گوێمان لێبگرن ئاخۆ پێشنیاری ئێمە بۆ کۆنگرەکە لەبارەی چارەنوسی زەردەشتییەکان لە کوردستان و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست؛ ھەروەھا پرسیاریان کرد ئاخۆ زەردەشتییەکان لەگەڵ کۆمەڵگە جیاوازەکاندا چۆن مامەڵە بکەن.
مەریوان نەقشبەندی، کە وەکوو کەسایەتییەکی کوردستان داوەتی ئەم کۆنگرەیە کراوە، ئەو کۆنگرەیە گرنگییەکەی ئەوەیە، کە ھەر چوار ساڵ جارێک لە یەکێک لە وڵاتانی دنیا دەکرێت، گوتیشی “کۆنگرەکە لە 1 تاکوو 4 ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و سەرۆکی ڕۆژئاوای ئوسترالیا و چەندین پەرلەمانتار و کەسایەتی دیپلۆماسی و ئایینی و لێکۆڵەر و میدیاکار تێیدا بەشدارن”.
نەقشبەندی ئاماژەی بەوەش دا “خەرجی تەواوی ئەو سەفەرەیان لەسەر کۆنگرەکە بووە و داوەتنامەی کەسییان بۆ ھاتووە و بەشداریمان بۆ ئەوەیە، دەیانەوێ گفتوگۆمان لەگەڵ بکەن، کە زەردەشتییەکان تا چەند لە کوردستان و عیراق و ناوچەکە ئازادن و چۆن لەگەڵیاندا مامەڵە دەکرێت”.


