نوچەنێت: تایبەت
حكومەتی ئێران جارێكی دیكە بەشێك لە ئاوی زێی بچووكی گرتووەتەوە، بەوەش كێشە بۆ پڕۆژەی ئاوی قەڵادزێ دروست بووەتەوەو ئێستا پڕۆژەی ئاوی خاس، كە سەرچاوەی سەرەكی ئاوی خواردنەوەی قەڵادزێیە راوەستاوە. پەرلەمانتارێکیش دەلێت “گرتنەوەی ئەو ئاوە تەنیا زیانی بۆ قەڵادزێ نییە، بەڵکوو سلێمانی و کەرکوکیش هەیە”.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، غەریب مستەفا، جێگری سەرۆکی لیژنهى كشتوكاڵ و ئاودێرى لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک رایگەیاند: گرتنەوەی ئەو ئاوە تەنیا زیانی بۆ سنووری قەڵادزێ نییە بەڵکوو سلێمانی -یش زەرەرمەند دەبێ. هەروەها کەرکوکیش زیانی بەر دەکەوێت.
غەریب مستەفا دەڵێت، حکومەتی عێراق بەرپرسیاری یەکەمە لە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، دواتر حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئاماژەی بەوەشدا کە لە کاتی خۆیدا ئەم بابەتەمان لە گەڵ وەزیری ئاوی عێراق باس کرد، پێی راگەیاندین هیچ کارتێکی فشارمان نییە بەرانبەر ئێران بەکاری بهێنین، بۆیە ئێران گوێمان لێ ناگرێ بۆ چارەسەر کردنی کێشەکە و تەنانەت قبووڵیان نییە، وەک وەزیری ئاو سەردانی ئێران بکەم.
جێگری سەرۆکی لیژنهى كشتوكاڵ و ئاودێرى لە پەرلەمانی کوردستان پێیوایە، باشترین چارەسەر بۆ دۆخە، حکومەتی هەرێم بێتە سەر خەت و بەشێوەیەکی دیپلۆماسیانە لەگەڵ ئێران بکەونە گفتوگۆ. چونکە تەنیا یەک بەنداو نییە بڵکو ژمارەیەک بەندا لەسەر ئەو رووبارە دروستکراوە.