نوچەنێت: تایبەت
هێزێكی سوپای ئەمریكا لەسەر چیای شنگال جێگیر كراوە. قایمقامی شنگالیش دەڵێت “مانەوەی ئەو هێزە، جۆرێك ئارامی بۆ ئەو ناوچانە دەگەڕێنێتەوە”.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال، لەبارەی جێگیربوونی هێزێکی ئەمریکی لە سەرچیای شنگال راگەیاند: رۆژی هەینی 1-6-2018 هێزێكی سوپای ئەمریكا چووەتە سنووری چیای شنگال و لە ناوچەی چل مێرای چیای شنگال جێگیر كراون، چوونیشیان بۆ ئەو ناوچەیە بەمەبەستی سەقامگیری سیاسییە لەو ناوچە سنوورییە.
قایمقامی شنگال، هیوادارە مانەوەی ئەو هێزەی ئەمریكا لە چیای شنگال بۆ ماوەیەكی درێژخایەن بێت، چونكە بەبڕوای ئەو مانەوەی ئەو هێزە بەشێوەیەكی هەمیشەیی دەبێتە هۆی گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ شنگال.
مەحما خەلیل ئاماژەی بەوەدا، ئەو هێزە ئەمریکییە بەمەبەستی راوێزی سەربازی بە هێزە عێراقییەکان و هەبوونی گروپی چەکداری داعش لەنێوان سنوری سوریا و عێراق لەوێ جێگیرکراون.
چل مێرا لە چیای شنگال ئەو شوێنەیە کە لە ساڵی 1991 حکومەتی عێراقی لەوێوە ئیسرائیلی مووشەکباران کرد. هەروەها قەزای شنگال لە سنووری پارێزگای موسڵە و لە ناوچە کێشەلەسەرەکانە و دەکەوێتە 140 كیلۆمەتری شاری موسڵ، هەروەها دەكەوێتە نێوان سنووری رۆژئاوای کوردستان و چیای شەنگالەوە.
لە 3-8-2014 داعش هێرشی كردە سەر شنگال و بەهۆیەشەوە نزیكەی 400 هەزار کوردی ئێزدی ئاوارە بوون. نزیكەی 5 هەزار كچ و ژنی کوردی ئێزدی كەوتوونەتە دەست داعش، بەڵام لە 12-11- 2015 پێشمەرگە شنگالی كۆنتڕۆڵكردەوە، لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 جارێكی دیكە پێشمەرگە لە شنگال پاشەكشەی كرد ، سوپای عێراق بۆ ئەو سنوورانە گەڕایەوە ، ئەوەش جارێكی دیكە بووە هۆی ئاوارەبوونی بەشێكی دیكە لە دانیشتووانەكەی.