کۆمسیۆن دەتوانێت بڕیارەکانی پەرلەمان جێبەجێ نەکات؟

0

نوچەنێت: تایبەت

پەرلەمانتارێکی پارتی لەپەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، کە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن لە دەسەڵاتی پەرلەماندا نییە، چونکە دەستووری عێراقی ئەو دەسەڵاتەی نەداوەتە پەرلەمان و کۆمسیۆن دەتوانێت بڕیارەکانی پەرلەمان جێبەجێ نەکات لەو خاڵەنەی، کە کاری کۆمسیۆنە و تایبەتە بە کۆمسیۆن.

پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا خوێندنەوەی یەکەم، بۆ  هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد، بەپێی هەموارەکەش کۆمسیۆن پابەند دەکرێت دەنگەکان بە دەست هەژمار بکاتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە رۆژی ٢٨ی ئەم مانگە، پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و بڕیاریدا لە ١٠%ی‌ دەنگەکانی‌ هەڵبژاردنی‌ پەرلەمان بە دەست هەژمار بکرێنەوە و دەنگدانی‌ مەرجداری‌ ئاوارەکان و دەنگدانی‌ دەرەوەشی هەڵبوەشێنێتەوە.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، نەجیبە نەجیب، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژارد، رایگەیاند “ئەمە یەکەم جارە پەرلەمان بەمشێوەیە رەفتار لەگەڵ هەڵبژاردن دەکات، کە یاسا لە دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەربکات، یاسای هەڵبژاردن لە پێش ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردن دەردەچێت و لە سەر بنەمای ئەو یاسایە دەبێت، چونکە هەر یاسایەک، کە دەردەچێت رێکاری یاسایی خۆی هەیە بۆ جێبەجێکردنی”.

نەجیبە نەجیب گوتیشی “هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکان لە دەسەڵاتی پەرلەماندا نییە، چونکە دەستووری عێراقی ئەو دەسەڵاتەی نەداوەتە پەرلەمان، بەوشێوەیە دەستوەردان بکات لە پڕۆسەی هەڵبژاردن، دەسەڵاتی پەرلەمان دەرکردنی یاسا و چاودێریکردنی پڕۆسەکەیە، ئەگەر دادگای فیدڕاڵی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان پەسەند بکات، ئەوکاتە بڕیارەکانی پەرلەمان هیچ کاریگەرییەکی نابێت”.  

ئەو ئەندام پەرلەمانەی پارتی، دەڵێت “کۆمسیۆن دەتوانێت بڕیارەکانی پەرلەمان جێبەجێ نەکات لەو خاڵانەی، کە کاری کۆمسیۆنە و تایبەتە بە کۆمسیۆن، ئەگەر کۆمسیۆن کارێکی نایاسایی کردبێت یان ساختەکارییەکی کردبێت، ئەو کاتە پەرلەمان مافی هەیە لێ پرسینەوە لە کۆمسیۆن بکات، لەسەر ئەو شوێن و وێستگانەی، کە سکاڵایان لەسەرە و بەڵگەیان لەسەری هەیە”.

هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، ئەو پەرلەمانتارانەی ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون تەنها لایەنە ناڕازییەکانی هەڵبژاردن بوونە و ئەوان بڕیارەکانی دەرکردووە، ئەمەش پێچەوانەی دەستوورە، چونکە ئەگەر دەستور پڕۆسەی هەڵبژاردنی بخستایەتە ژێر دەسەڵاتی پەرلەمان، دەبوایە رێژەی یاسایی دیاریکرد بایە، بۆیە ئەوبڕیارەی، کە لە پەرلەمان دەرچووە لەسەر هەڵبژاردنەکان، تەمسیلی هەموو نوێنەرانی عێراق ناکات.  

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com