روونکردنەوەی وەزیری دارایی لەبارەی موچەوە

0

نوچەنێت

وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند، هه‌فته‌ى داهاتوو دەست به دابەشکردنی مووچە ده‌كرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 30-5-2018، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمى كوردستان، كۆبوونه‌وه‌ى ئاسایى خۆى ئه‌نجام دا و لەبارەی موچە و داهات و خەرجی هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان کرد.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا، رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان پابه‌ندیى وه‌زاره‌تى به پرۆسه‌ى دابه‌شكردنى موچه دووپاتكرده‌وه و ئاشكراى كرد، هه‌فته‌ى داهاتوو دەست به دابەشکردنی ده‌كرێت.

هەروەها راپۆرتێکی لەبارەی داهات و خەرجی هەرێمی کوردستانه‌وه خستەڕوو، ئاماژەی بەوەش دا، وەزارەت هەموو رێکارەکانی گرتووەتەبەر بۆ رێکخستنی پرۆسەی کۆکردنەوەی داهات و چۆنیەتی خەرجکردنی.

لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنی وەزیران باسی له هەڵبژاردنەکانی 12-5-2018ـی پەرلەمانی عێراق کرد و سوپاسى هه‌موو لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كانى كرد، كه هاوكار بوون بۆ ئه‌وه‌ى پرۆسه‌كه سه‌ركه‌وتووانه به‌ڕێوەبچێت.

هه‌روه‌ها تاوتوێى ئامادەکارییەکانى بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان له كۆتایی ئه‌یلوولی داهاتوودا كرد و دووپاتیكرده‌وه، كه له‌گه‌ڵ كۆمیسیۆن له په‌یوه‌ندیدا ده‌بن بۆ دیاریكردنى هه‌ڵبژاردنى ئەنجومەنی پارێزگاکانیش.

لەدوا تەوەری کۆبوونەوەکەدا، عوسمان شوانی، سکرتێری ئەنجومەنی ئابووری، راپۆرتێکی سەبارەت بە دوا كۆنفرانسى ئابووریى هەرێمی کوردستان و كۆمارى ئیسلامی ئێران كه له هه‌ولێر به‌سترا، پێشكه‌ش كرد.

رۆژی 17-5-2018 بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووری خشتەیەکی موچەی راگەیاند و هەریەکە لە: وەزارەتی ناوخۆ و دەزگای ئاسایش، پێشمەرگەی زێرەڤانی بەرگری و فریاكەوتن هێزی ئامادە، دیوان و لیواكانی وەزارەتی پێشمەرگە، یەكەكانی 70 و 80ـی پێشمەرگە، خانەنشینی پێشمەرگە و خانەنیشنی شارستانی موچەیان وەرگرت.

دوای ئەوەی حکومەتی عێراق بڕیاری دا مانگانە بڕی 317 ملیار دینار بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، کۆتایی مانگی رابردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان، سیستەمێکی نوێی بۆ دابەشکردنی موچە راگەیاند و بڕی پاشەکەوتی کەمکردەوە، پاشان دەستی بە دابەشکردنی موچەی مانگی یەکی ئەمساڵ کرد.

کاتێک بڕی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی کەمکرایەوە، کە سیستەمەکە تەنیا پلەباڵاكان ناگرێتەوە، پاشەكەوتی موچە کرایە 10% بۆ 30%. ئەوکات دەستکاری موچەی وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە و یەکەی پاسەوانی نەکرا، بەڵام وەزارەتی دارایی بڕیاری دا مانگانە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە 12 ملیار دینار، بۆ وەزارەتی ناوخۆ 10 ملیار و بۆ پاسەوانانیش بڕی 2 ملیار دینار زیادبکات، وەزارەتەکانیشی سەرپشککرد چۆن دەستکاری موچەی موچەخۆرەکانیان بکەن.

بەهۆی قەیرانی داراییەوە لە مانگی دووی ساڵی 2016ـەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان كار بە سیستەمی پاشەكەوتكردنی موچە فەرمانبەران دەکات، بەڵام پاشەكەوت تاوەکو کۆتایی ساڵی 2017 وەزارەتی پێشمەرگە ‌و بەشێك لە هێزە ئەمنییەكانی نەگرتەوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com