نوچەنێت
پارتی دیموکراتی کوردستان، لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت، بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکان رەتدەکەینەوە. دەشڵێن “پشتگیری لە ژماردنەوەی دەنگەکان بەدەست دەکەین”.
مەحموود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بڵاوکردەوە و، رایگەیاند “بۆ رەواندنەوەی كۆی گومان و ناڕەزاییەتییەكانی لایەنەكان، بە باشی دەزانین كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە چوارچێوەی یاسادا كاری پێویست ئەنجام بدات”.
گوتەبێژی پارتی هەروەها دەڵێت “هەر بڕیارێك بدرێت بە رێگای یاسایی بۆ ژماردنەوەی دەنگەكان بەدەست و بۆ مەبەستی گێڕانەوەی متمانەی لایەنە سیاسییەكان و دەنگدەران، ئێمە بە باشی دەزانین و پاڵپشتیی دەكەین”.
دەقی راگەیەندراوەکەی گوتەبێژی پارتی:
راگەیەندراوێک لە هەڤاڵ (مەحموود محەممەد) گوتەبێژی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە
دوابەدوای راگەیاندنی دەرئەنجامەكانی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، نیگەرانی و گومان لەو دەرئەنجامانە بڵاوبۆوە، ئێمەش وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان بە شێوەیەكی فەرمی لە بەیاننامەی مەكتەبی سیاسیماندا رامانگەیاند کە لە دەرئەنجامەکان گومانمان هەیە و غەدرێكی زۆریش لە پارتی كراوە، بۆیە بۆ رەواندنەوەی كۆی گومان و نارەزاییەتییەكانی لایەنەكان بە باشی دەزانین كۆمیسیونی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكان لە چوارچێوەی یاسادا كاری پێویست ئەنجام بدات.
ئێستاش بابەتی دەرئەنجامەكان بووەتە ئاڵۆزییەکی زۆری راگەیاندنەكان و هەر كەس و لایەنێك بە شێوازێك شرۆڤەی دەكات و بەئاقارێكدا قسەی لەسەر دەكا، بۆیە و لە روانگەی هەست بە بەرپرسیارییەتی و بە خەمەوە بوونی پاراستنی سەقامگیری و رەواندنەوەی گومانەکان، هەر بڕیارێك بدرێت بە رێگای یاسایی بۆ ژماردنەوەی دەنگەكان بەدەست و بۆ مەبەستی گێرانەوەی متمانەی لایەنە سیاسییەكان و دەنگدەران، ئێمە بە باشی دەزانین و تەئیدی دەكەین.
شایەنی باسە بریاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، كە بە تەنیا دەرئەنجامەكانی هەرێمی كوردستان و كەركوك ئیلغا دەكاتەوە، رەتدەكەینەوە و بە بریارێكی سیاسی دەزانین.
هەروەها لە پێناوی چارەسەری كێشە و رەواندنەوەی گومانەكان و زیاتر ئاڵۆز نەكردنی بارودۆخەكە، ئامادەی هەموو جۆرە هاوكارییەكین، كە بە رێگای دەستووری و یاسایی هەنگاوی بۆ بهاوێژرێ.
مەحموود محەمەد
گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان
۳٠ـی٥ـی۲٠۱۸