نوچەنێت
حەیدەر عەبادی، سەرۆکوزیرانی عیراق، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی خستە روو. هاوکات باسی لە دەستوەردانی دەرەکی و ئەنجامەکانی هەڵبژاردن کرد.
حەیدەر عەبادی لە میانەی قسەکانیدا هۆشداری داو گوتی، ئێمە لایەنێکین زۆرترین زیانمان بەرکەوتووە. بەلام دەمەوێت هۆشداری بدەم، ئەویش ئەوەیە کە نابێت بچینە ناو کارێکی نادیارەوە، لەگەڵ وردبینین لە هەموو سەرپێچییەک و چاوخشاندنەوە بە هەموو سکاڵایەک، لە سەرپێچییەکانی بابەتی هەڵبژاردن، بەڵام پرۆسەی سیاسی گرنگە، نابێت بچینە نێو بۆشایی. ئەنجومەنی نوێنەران ٣٠ بۆ٣٣ رۆژی لەبەردەمە بۆ کۆتاییهاتنی کارەکانی و پێویستە ئەنجوومەنی نوێنەرانی نوێ دەست بەکارەکانی بکات، ئەگەر ئەنجومەنێکی نوێنەرانی نوێ نەبێت، مانای دروستبوونی بۆشایی دەستووری دێت لە وڵاتدا، وڵات پێویستی بە هەرسێ دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەرییە، نەبوونی یەکێک لەو دەسەڵاتدانە و رێکنەکەوتن لەسەر دەرچەیەک لە بارەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ترسناکە. داواکردن بۆ هەڵوەشانەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن کارێکی ناڕاستە و رێگا هەیە بۆ هەموارکردنەوەی ئەنجامەکان یاخود راستکردنەوەی هەڵە و سەرپێچییەکان.
لەبارەی پێکهێنانی حکومەت، سەرۆکوەزیرانی عێراق ترسی خۆی لە دەستوەردانی دەرەکی دەربڕی و تکای لە وڵاتان کرد، کە دەستوەردان نەکەن.
عەبادی نەیشاردەوە، کە ترسی لە دەستوەردانی وڵاتان هەیە” بە راشکاوانە ئەمە دەڵێم، بۆیە هەموویان ئاگادار دەکەمەوە، سوپاسی هەست و سۆزتان دەکەین بەرامبەرمان و سوپاسی سوربوونتان بۆ عێراق و ئاسایش و سەقامگرییەکەی دەکەین، ئێمە زۆر مەمنونین لێتان، دەمانەوێت لەنێو ئێمە و ئێوەدا پەیوەندیمان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش بێت، بەڵام تکاتان لێدەکەم دەست لە کاروباری ئێمە وەرمەدەن، تەنانەت ئەوانەشی دەڵێن دەستوەردان دەکەین بۆ بەرژەوەندی حکومەت و دەوڵەت، تکاتان لێدەکەم ئەگەر داواتان لێ نەکەین دەست وەردان نەکەن تکا دەکەین”.