نوچەنێت
رۆژی ٢٨-٥-٢٠١٨، بزووتنەوەی گۆڕان، دەرکردنی پەرلەمانتاری گۆڕان، مەسعود حەیدەر-ی لە رێگەی راگەیاندنی خۆیەوە بڵاوکردەوە. دوابەدوای راگەیێندراوەکە، ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت “ماوەی ٤٠ رۆژە وازم لە بزووتنەوەی گۆڕان هێناوە”.
دەقی راگەیێندراوەکەی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان:
بەهۆی پابەند نەبوونی مەسعود حەیدەر، بە بەرنامە و کارەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، ئەمڕۆ بەکۆی دەنگی ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن، بڕیاردرا ناوبراو لە ڕیزەکانی بزووتنەوەکە و فراکسیۆنی گۆڕان لە بەغدا دەرکرا.
خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان
دەقی روونکردنەوەکەی مەسعود حەیدەر:
لە راگەیاندنەکانەوە شتێک بەناوی خانەی راپەڕاندنى بزووتنەوەی گۆڕان بڵاوکراوەتەوە لەسەر بەندە. من زیاتر لە چل رۆژە دەستم کێشاوەتەوە لە بزووتنەوەکە و لە فراکسیۆنی گۆڕان. لە چەند رۆژی رابردووش بە روونی لە بەرنامەیەکی کەناڵێکی عێراقی ئەمەم باسکرد.
ئەو بایاننامەی خانەی راپەڕاندن ئەھمیەتی نییە، چونکە بەندە دەمێکە دەستم لەکارکێشاوەتەوە. سەربەرزیشم بە نوێنەرایەتی کردنی کورد و بەرگری کردن لە خاک و خەڵکی ھەرێمی کوردستان، دوور لە ململانێی حزبی و بێ سازشکردن لەسەر قوتی موچەخۆران و پێگەی دەستوری و یاسایی ھەرێم و ماف و ناوی پیرۆزی پێشمەرگە.
ئەگەر پێویست بکات ھۆکاری دەستلەکارکێشانەوەم بە وردی رووندەکەمەوە.
مسعود حەیدەر
ئەندام پەرلەمانی عێراق
29-5-2018