نوچەنێت
وه‌زیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌یاساى چاكسازى، كه ئێستا له په‌رله‌مانی كوردستانه، وه‌ك خۆى جێبه‌جێبكرێت، ده‌بێته هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ى خه‌رجییه‌كى زۆرى به‌فیڕۆچوو و ده‌ستكاریكردن له سیستەمى پاشكه‌وتى موچه كه له به‌رژه‌وه‌ندى موچه‌خۆران ده‌بێت.
بەگوێەی هەواڵێکی ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێباز حەملان، وه‌زیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رایگەیاند “ئێمه له حكومه‌تى هه‌رێمی کوردستان ئه‌م پڕۆژه‌یه‌مان به‌پێى یاساى ژماره 9 ساڵى 2014 بۆ په‌رله‌مان نارد، به جۆرێك ئه‌و كه‌سانه‌ى خزمه‌تى وه‌زیفیان له 15 ساڵ كه‌متر بێت و ته‌مه‌نیان له 50 ساڵ كه‌متر بێت خانه‌نیشن نه‌كرێن. ئه‌و مادده‌یه دادپه‌روه‌رییه‌كی زۆر باشى تێدابوو. ئێستاش داوا ده‌كه‌ین ئه‌و پڕۆژه یاسایه په‌سند و كارى پێبكرێت و ئه‌و كه‌سانه‌ى زیاد له موچه‌یه‌كیان هه‌یه، كه به‌پێی یاسا رێك نه‌خراون، رێكخستنه‌وه‌یان بۆ بكرێت”.
وه‌زیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان دەڵێت “له ناو پڕۆژه‌یاساى چاكسازى باس له موچه، ده‌رماڵه، به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانى دیكه كراوه. هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك ئه‌ژمارێكى بانكى بۆ ده‌كرێته‌وه و ئه‌و ئیلتزاماته ماددیه‌ى هه‌یه بۆى ده‌خرێته سه‌ر ئه‌ژماره بانكییه‌كه، كه ده‌كرێت بۆ زۆر بواری دیكه‌ش به‌كاربهێنرێت، به‌تایبه‌تی په‌یوه‌ندى نێوان حكومه‌ت و موچه‌خۆران”.
له‌باره‌ی بڕیاری راگرتنی پله به‌رزكردنه‌وه‌ى فه‌رمانبه‌ران و چۆنییه‌تی گه‌ڕاندنه‌وه و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌رانی كه به‌ر ئه‌و رێنماییه كه‌وتوون، رێباز حه‌ملان گوتی “پاڵپشت به بڕیارى ئەنجومه‌نى وه‌زیران ژماره 56 له 21-12-2015، له‌سه‌ر بنه‌ماكانى ئه‌حكامى بڕگه (1/أ) له مادده‌ى 19 له یاسایى راژه‌ى شارستانى ژماره 24 ساڵى 1960 هه‌مواركراو، بڕیاردراوه كه هیچ پله به‌رزكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ فه‌رمانبه‌رانى پله وه‌زیفییه گشتییه‌كان له هه‌رێمی کوردستان تا په‌سندكردنى بودجه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم ئه‌نجام نه‌درێت. له هه‌ر كاتێك كه حكومه‌تى هه‌رێمی کوردستان بودجه‌ى په‌سندكراوى له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه هه‌بوو، پله به‌رزكردنه‌وه ئاسایى ده‌بێته‌وه و له‌باره‌ی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌كه‌شی ئه‌وكات له چوارچێوه‌ى یاسای كارپێكراوه‌كان بڕیارى له‌سه‌ر ده‌درێت.”
دەربارەی رێكکه‌وتنی ئێستای حكومه‌تى هه‌رێمی کوردستان و به‌غدا سه‌باره‌ت به ناردنی مانگانه بڕێك پاره بۆ هه‌رێمی کوردستان بۆ مووچه‌خۆران، وه‌زیری دارایی و ئابووری گوتی: “ئەم رێککەوتنە ده‌رئه‌نجامی ده‌ورى گرنگى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمی کوردستان و سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراق بوو و له به‌رژه‌وه‌ندى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان دایه”.
وه‌زیری دارایی به ئاماژه‌پێدان به‌وه‌ی كه به‌شێكی زۆری موچه بۆ كه‌رتی ئه‌منی و سه‌ربازی ده‌چێت گوتی، له 70%ـی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌ر دوو كه‌رتی مه‌ده‌نی و سه‌ربازییه. لێبڕینه‌كان (پاشه‌كه‌وت) له هه‌ردوو كه‌رت به شێوه‌یه‌كی جیاوازن.
وه‌زیری دارایی و ئابووری گوتی “پاش ئه‌وه‌ی موچه‌ى كه‌سوكارى شه‌هیدان، ئه‌نفالكراوان و زیندانیانى سیاسى ده‌خرێته سه‌ر بودجه‌ى سیادى عێراق، نزیكه‌ی 38 ملیار دینار بۆ خه‌زێنه‌ی گشتی حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه”.
له باره‌ی داهاتی ناوخۆ و نه‌وت، رێباز حه‌ملان گوتی، داهاتى ناوخۆ مانگانه 110 بۆ 130 ملیار دیناره، كه كردنه‌وه‌ی گه‌شته نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی کوردستان و ده‌روازه سنوورییه‌كانی داخرا، كاریگه‌رى زۆرى له‌سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی داهاتی ناوخۆیی هه‌یه.
حەملان گوتیشی، داهاتی نه‌وت مانگانه گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت و هه‌رێمی كوردستان رۆژانه 300 بۆ 320 هه‌زار به‌رمیلی نه‌وت هه‌نارده ده‌كات و مانگانه 378 ملیار دینار دێته وه‌زارتی داراییه‌وه.
هەروەها ده‌رباره‌ی سندووقی داهاتی نه‌وت، وه‌زیری دارایی گوتی، له په‌رله‌مانی كوردستان یاساى تایبه‌تى بۆ ده‌رچووه و ماوه‌ته‌وه حكومه‌تى هه‌رێمی کوردستان په‌یڕه‌وێكى بۆ دابنێت، به‌ڵام تاوەکو ئێستا نەچووەتە بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه.
وه‌زیری دارایی سه‌باره‌ت به چۆنییه‌تی دابه‌شكردنی داهات بۆ بواره جیاوازه‌كانی مووچه، وه‌به‌رهێنان، خه‌رجى داموده‌زگاكانى حكومه‌ت و قه‌رزه‌كانی، گوتی “له 35%ـی داهاتی نەوت بۆ پێشینەكانی شایستە داراییەكانی كۆمپانیایی نەوت، پێشینەی قەرزی تاریفەی خەرجی و گواستنەوە و هەناردەكردنی نەوت لە توركیا و پێشینەی گەڕانەوەی پارەی كاشی قەرزی توركیایه و له 65% بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ته‌رخان ده‌كرێت”.
لە كۆی گشتی داهاتی ناوخۆ و نەوت دوای ده‌رچوونی خەرجییه‌كان و له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕه پارەیه‌ی مانگانە له حكومەتی فیدراڵی بۆ هەرێمی کوردستان دێت، نزیكەی له 83%ـی بۆ پێدانی مووچە ته‌رخان ده‌كرێت.
له 5% بۆ خه‌رجی پێشینه‌كانی داموده‌زگاكان و له 8% بۆ خه‌رجی كه‌لوپه‌لی خزمه‌تگوزاری (دەرمان و پزیشكی، كرێی كارەبا، خواردن، چاككردنەوە، شاندن، چاپكردن، خەرجی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت و خاوێنكردنەوە) و له 4%ـیش بۆ بواری وه‌به‌رهێنان ته‌رخان ده‌كرێت.
وه‌زیری دارایی و ئابووری ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه داهاتی حكومه‌ت له دوو جه‌مسه‌ره‌وه وردبینی بۆ ده‌كرێت “یه‌كێكیان له‌سه‌ر ئاستى نه‌وته، كه كۆمپانیاى دیلۆیت پێداچوونه‌وه و وردبینى به سه‌رجه‌م كه‌رتی نه‌وت ده‌كات له هێنانه‌وه و سه‌رفكردنى پاره‌كه. بۆ داهات و خه‌رجییه‌كانی ساڵى 2017 زۆربه‌ى كاره‌كانی ته‌واو بووه و وردبینى له داهات و خه‌رجییه‌كانی ساڵى 2018 و ساڵانى رابردووش ده‌كات. جه‌مسه‌رى دووه‌میش له وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورییه. كۆمپانیاى ئینڤێنتس پێداچوونه‌وه به خه‌رجى و داهاته نا نه‌وتییه‌كانی حكومه‌ت ده‌كات. وردبینى له‌وه‌ش ده‌كات، كه چۆن داهات زیاتربكرێت به مه‌رجێك، كه كاریگه‌رى به‌سه‌ر خه‌ڵكى هه‌ژار و چینى خواره‌وه نه‌بێت، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستى كۆمپانیا گه‌وره‌كانه‌وه ده‌بێت، هه‌روه‌ها كۆمپانیاكه سیسته‌مێكى داتا به‌یس دروستده‌كات و سه‌رجه‌م داهات و خه‌رجییه‌كان تێدا روون ده‌كرێته‌وه”.
گوتیشی، گومرگه‌كان به ئه‌لیكترۆنى ده‌كرێن و ئێستا كار له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان ده‌كه‌ین و هه‌ر خه‌رجییه‌ك ئه‌گه‌ر زۆر پێویست نه‌بێت ناهێڵین و بۆ نه‌هێشتنی هه‌ر جۆره فیرودانێك له وه‌زاره‌تی دارایی هه‌ریه‌ك له ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى و دیوانى چاودێرى دارایى له‌گه‌ڵمانن و تاوەکو ئێستا به پشتیوانى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران پاره‌یه‌كی زۆریشمان گه‌ڕاندووه‌ته‌وه.
له‌باره‌ی سه‌پاندنى باج به سه‌ر داهاتى تاكه كه‌س و كۆمپانیاكان، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، له هه‌رێمی كوردستان باج له‌سه‌ر داهاتی تاكه‌كه‌س و كۆمپانیاكان به‌پێی یاسای ژماره 20ـی ساڵی 2011 هه‌مواركراوی په‌رله‌مانی كوردستان دیاریكراوه، به جۆرێك هه‌ر كارمه‌ندێك له كه‌رتی حكومی یان تایبه‌ت كاربكات و موچه‌كه‌ی له ملیۆنێك دینار زیاتر بێت، پێویسته بەڕێژه‌ی له 5% باج بدات، به‌ڵام تاوەکو ئێستا كارى پێنه‌كراوه و رێژه‌كه‌ی له حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له به‌راورد له‌گه‌ڵ به‌غدا زۆر كه‌متره، به جۆرێك له حكومه‌تى فیدراڵ ئه‌گه‌ر موچه‌خۆرێك موچه‌كه‌ى له 210 هه‌زار دینار به‌سه‌ره‌وه بێت، ئه‌وا له 5% باج ده‌خرێته سه‌ر موچه‌كه‌ی.
هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به باجی كۆمپانیاكانیش، گوتی له 15% قازانجی كۆمپانیاكان باجی ده‌خرێته سه‌ر كه به پێی یاسای 113 ساڵی 1982 هاوشێوه‌ی به‌غدا جێبه‌جێ ده‌كرێت.
سه‌بارت به چاکسازی دارایی و بانكی و ئاسته‌نگ و ده‌ستكه‌وته‌كانی گوتی، 88 بانكی گشتی له هه‌رێمی كوردستان هه‌ن و بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌كه‌یان، پێشخستن و ئه‌نجامدانی مامه‌ڵه‌ی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی له‌گه‌ڵ به‌غدا رێكه‌وتووین.
وه‌زیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان له‌باره‌ی لاوازی سیسته‌می بانكی له هه‌رێمی كوردستان و هه‌وڵه‌كانی بۆ گێڕانی رۆڵی خۆی له مامه‌ڵه داراییه‌كان و نه‌هێشتنى پاره‌ى كاش له بازاڕ وگه‌ڕانه‌وه‌ى پاره بۆ بانك ئاماژه‌ی به‌وه‌دا “له وڵاتانی پێشکەوتوودا له 80% مامه‌ڵه به سیسته‌مى بانكییه، به‌ڵام به‌داخه‌وه له عێراق و هه‌رێمى كوردستان له 100% به پاره‌ى كاش مامه‌ڵه ده‌كرێت و به‌هۆیه‌وه به به‌رده‌وامی كێشه‌ی نه‌بوونی نه‌ختینه و خۆدزینه‌وه له باج دروستده‌بێت. له كاتێكدا ئه‌گه‌ر به كارت بێت ئه‌وا حكومه‌ت ده‌زانێت داهاتى فرۆشیاره‌كان چه‌نده و ده‌توانێت سیستمى باج رێكبخات و كۆنتڕۆڵی باجى كۆمپانیاكان بكرێت، ئێستا هه‌موو هه‌وڵێكمان بۆ رێكخستنی ئه‌م بواره‌یه له رێگه‌ى سیسته‌مى كارته‌وه بێت.
رێباز حه‌ملان رۆڵی بایۆمه‌تری بۆ پێدانى مووچه به كارتى ئه‌لكیترۆنى و به‌ڕێوه‌بردنى كه‌رتى دارایى و بانكى گرنگ ده‌نرخێنێت كه به هۆیه‌وه “به‌شێكى زۆری له‌و كه‌موكوڕییه شاراوانه‌ى هه‌بوون ئاشكرا كراون. بۆنموونه دوو مووچه‌یى و یا ناوى وه‌همى ئاشكرا كراوه، حكومه‌تى هه‌رێمی کوردستان به بوونی سیسته‌می بایۆمه‌ترییه‌وه، زانیارى ورد له‌سه‌ر مووچه‌خۆر و خانه‌نشینان هه‌یه، بایۆمه‌ترى سیسته‌مێكى پێشكه‌ووتوه و كارى پێده‌كرێت”.
له‌باره‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پێشینه بۆ كارى به‌رهه‌مهێنان، هاوسه‌رگیرى و خانووبه‌ره، وه‌زیری دارایی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه له ساڵانى رابردوو 13 بۆ 14 ملیار دۆلار له به‌غداوه بۆ هه‌رێمی کوردستان هاتووه. كاتێك بودجه زۆر بووه و به‌شى مووچه وخه‌رجى و پڕۆژه‌كان كردووه و دراوه به‌و پێشینانه‌ش. هه‌ر كاتێك بودجه‌ى هه‌رێمی کوردستان وه‌ك خۆى لێهاته‌وه، ئه‌و پێشینانه‌ش ده‌درێنه‌وه.
هەروەها گوتی، “سندووقى خانه‌نیشنى له پڕۆژه‌یاساى چاكسازى به وردى باسكراوه و پێویسته له 100% جێبه‌جێ بكرێت. جیاوازى ئێمه و به‌غدا له نه‌بوونى ئه‌و سندووقه‌یه، له به‌غدا هه‌یه وله هه‌رێمی کوردستان نییه. ئه‌وه‌ش بووەتە هۆی ئه‌وه‌ی كه به‌غدا به به‌رده‌وامی ده‌ڵێت ژماره‌ى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمی کوردستان زیاتره، چونكه ئه‌گه‌ر سندووقى خانه‌نیشى هه‌بێت، پێویست ناكات پاره‌ى دیكه بۆ خانه‌نشینان ته‌رخان بكرێت، چونکە له پاره‌ى سندووقه‌كه ده‌درێت.”
سه‌باره‌ت به ده‌روازه سنوورییه‌كان، وەزیری دارایی وئابووری گوتی: “رێككه‌وتن كراوه كه میلاكات سه‌ر به به‌غدا بن به هه‌مان كارمه‌نده‌كانی ئێستاوه. هه‌روه‌ها له‌سه‌ر پێكهێنانی لێژنه‌یه‌كی باڵا بۆ یه‌كخستنی گومرگ له ده‌روازه سنوورییه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كان، پێناسه و رێنمایی گومرگی، لابردنی خاڵه‌كانی گومرگی نێوان هه‌رێمی کوردستان و به‌غدا، هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری كردنی یەکدی رێككه‌وتن كراوه و دواى هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ونه بواری جێبه‌جێكردن”.