نوچەنێت: تایبەت
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەانی عێراق رایدەگەیەنێت، لەسەر کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن کورد و سوننە ناڕازی بوون، بەڵام ئێستا عەبادی لە ئەنجامەکەی ناڕازییە. دەشڵێت “سیاسییەکان لەبەر ئەوە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، وەک فەیسبووک تویتەر و…هتد و هەروەها شەقام دەترسن و خاوەن بڕیاری خۆیان نیین”.
ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە رۆژی شەممە ١٢-٥-٢٠١٨، کۆمەڵێک رەخنە و کێشەی سیاسی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەدوای خۆیدا هێنا، دەگوترێ بە هۆی خروقات و فەوتانی دەنگی هەندێک لایەنی سیاسی. هەروەها رێککەوتن لەسەر حکومەتی نوێ کارێکی ئاسان نابێ و یەکێک لە دیارترین کەسایەتییەکان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران عەبادییە بەڵام لەبەر ئەوەی هاوپەیمانییەکەی دەنگی یەکەمی بەدەستنەهێنا، چاوەڕێ مەرجی لایەنە براوەکان دەکات.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، موحسن عوسمان، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەسەر دروستکردنی حکومەتی نوێی عێراق رایگەیاند “لەسەر کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن کورد و سوننە ناڕازی بوون، بەڵام حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێداگری دەکرد و ئێستا عەبادی لەسەر ئەنجامەکەی ناڕازییە. هەروەها لە رێگەی سوسیال میدیاوە فشار لەسەر سیاسەت و شەقامی عێراقی هەیە، کە دەڵێن ئەوەی، کە کراوە هەڵبژاردنێکی خاوێن نەبووە.
موحسن عوسمان دەڵێت، سیاسەت و راگەیاندنی عێراقی جەماوەری نییە و زیاتر خۆسەپاندنە، سیاسییەکان لەبەر ئەوە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، وەک فەیسبووک تویتەر و…هتد و هەروەها شەقام دەترسن و خاوەن بڕیاری خۆیان نیین، لە نێوان فشاری شەقامی عێراقی و فشاری دەرەکی، بۆیە داهاتووی عێراق روون نییە.