نوچەنێت: تایبەت
تاقیكردنەوە گشتییەكان بۆ پۆلە ئامادەییەكان ئەمڕۆ دەستیپێکرد و تاوەكو رۆژی 14ی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت و سبەیش تاقیكردنەوەی پۆلی نۆ دەستپێدەكات و، تاوەكو 11مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت. گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دەڵێت “راگرتنی ئینتەرنێت بەهۆی تاقیكردنەوەكانی پۆلە کۆتاکان ئەمڕۆ چووە بواری جێبەجێكردنەوە”.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، ئومێد محەممەد ساڵح، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی كوردستان لەبارەی راگرتنی هێڵی ئینتەرنێت راگەیاند: لە ئەمڕۆ بەیانییەوە (یەكشەممە 27-5-2018) بەهۆی ئەنجامدانی ئەزموونە گشتییەكان هێڵی ئینتەرنێت لە هەرێمی كوردستان رادەگیرێ.
ئومێد محەممەد ساڵح گوتیشی، لەكاتی تاقیكردنەوەی پۆلی 12ـی ئامادەیی، سێ کاتژمێر دەبێ (7ی بەیانی بۆ 10) لەكاتی تاقیكردنەوەی پۆلی نۆی بنەڕەتیشدا دوو کاتژمێر، (7ی بەیانییەوە بۆ 9)، هێڵی ئینتەرنێت رادەگیرێ. ئاماژەی بەوەشدا، کە “راگرتنەكە جگە لە رۆژانی هەینی، هەموو رۆژێك دەبێت، تاوەكو دوایین رۆژی تاقیكردنەوەكان كە 14ی مانگی داهاتووە”.