نوچەنێت: تایبەت
ئەندام پەرلەمانێکی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، پێگەی کورد بەراورد ناکرێت بە ژمارەی کورسییەکانی لە پەرلەمانی عێراق، بەقەد ئەوەی نەتەوەیەکە لە عێراق. دەشڵێت “پڕۆسەی سیاسی عێراق بەبێ کورد و سوننە هیچ مانایەکی نامێ”.
دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق، بڕیاربوو ئهو دهوڵهتەی لهسهر بنهمای هاوسهنگی و شهراكهت و تهوافق دروست ببێت، تینێکی گەورە بە فیدراڵیەتی عێراق بدات، بەڵام ئەمە ڕووینەدا و چوار ساڵی ڕابردووی حکومڕانی عێراق، دەرخەری ئەو ڕاستییە تاڵەیە، لە ئێستاشدا کورد لەدانوستاندایە بۆ ئەوەی بەشدارییەکی کارای پڕۆسەی سیاسی عێراق بێت، بەو مەرجەی مافە دەستورییەکانی جێبەجێ بکرێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، رێناس جانۆ، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بەوەی کورد سەنگی لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا چۆن دەبێت، رایگەیاند “ناکرێت بگوترێت کورد ژمارە و سەنگی نییە لە عێراقدا، زۆر شت هەیە، کە ئەگەر کورد لەناویدا نەبێت لە عێراق، رەنگە هاوکێشەی عێراق هەمووی تێکبچێت، بۆیە پێگەی کورد بەراورد ناکرێت بە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان، بەقەد ئەوەی نەتەوەیەکە لە عێراق”.
رێناس جانۆ ئاماژە بەوەش دەکات، نەتەوەی کورد لە عێراقدا بە هەموو شێوەیەک، کاری لەسەر دەکرێت، بۆئەوەی بەشداری بکات لە پرۆسەی سیاسی عێراق. گوتیشی “ئەو موراعاتەی کوردیش، کە دەکرێت بۆ پاراستنی پڕۆسەی سیاسییە لە عێراق”.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی سەبارەت بە کاریگەری کشانەوەی کورد لە پڕۆسەی سیاسی عێراق، گوتی “ئەگەر کورد سبەینێ بڕیار بدات لە پڕۆسەی سیاسی عێراق بکشێتەوە و بەتەواوی بایکۆتی بکات، دڵنیام سوننەکانیش زۆر کات نابات بۆئەوەی بکشێنەوە لە پڕۆسەی سیاسی؛ ئەوکاتە پڕۆسەی سیاسی عێراق هیچ مانایەکی نامێ”.