نوچەنێت
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای رووسنەفتی رووسی دوو گرێبەستی نوێیان لە بوارەکانی نەوت و گازدا واژۆکرد.
بە بەشداری 15 هەزار بەشداربوو، کۆڕبەندی ئابووری سان پترسبۆرگ لە رووسیا دەستیپێکرد و چاوەڕێ دەکرێت لە دوووەم رۆژی کۆنفرانسەکەدا هەریەک لە سەرۆکی فەرەنسا و رووسیا بەشداریی لە کۆنفرانسەکەدا بکەن. هەروەها بەپێی رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و رووسنەفتی رووسیا لە ساڵی 2019 بۆری گازی سرووشتی بەمەبەستی ناوخۆی کوردستان ئامادە دەبێت.
ساڵی رابردوو لە میانەی ئەو کۆڕبەندەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای رووسنەفتی رووسیا گرێبەستێکی ستراتیژی وەبەرهێنانیان واژۆکرد. ئەو رێککەوتنە گشتگیرە بووە هۆکاری ئەوەی کە رووسیا بەچڕی بێتە ناو کەرتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان و هەر لە دەرهێنان و دۆزینەوەی نەوت، تاوەکو گواستنەوەو بەبازاڕکردنی رۆڵێکی سەرەکی ببینێت.
لە دووەم رۆژی کۆڕبەندی ئابووری سان پترسبۆرگ لە 2017 دا، دوای کۆبوونەوەی نێچێرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا، رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی ئیگۆر سچین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە و ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان واژۆکرا.
رێککەوتنە گشتگیرەکەی رووسنەفت و حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند مانگ دواتر خۆی لە واژۆکردنی چەندین گرێبەست بینیەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، ئەمڕۆ هەینی، ٢٥-٥-٢٠١٨، لە کۆڕبەندی ئابووریی سان پێترسبۆرگ، ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیای رووسنەفت گرێبەستی راکێشانی بۆری گازیان واژۆکردووە.