نوچەنێت: تایبەت
لە چەند رۆژی رابردوو پارتی و یەکێتی بە دوو شاندی جیا چوونە بەغدا بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان. چاودێرێکی سیاسیش دەڵێت “رەوتی سەدر بە رێبەری موقتەدا سەدر، لە پێکهاتنی هاوپەیمانی لەگەڵ کورد، لەوانی دیکە نزیکترە”.
لە چەند رۆژی رابردوو پارتی و یەکێتی بە دوو شاندی جیا چوونە بەغدا بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان، لە دوایین رۆژی کۆبوونەوەکانیاندا، جارێکی دیکە و لەسەر داوای هادی عامری چوونە ماڵی سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح بۆ ئەوەی چوار قۆڵی و بە ئامادەبوونی نووری مالیکیش باس لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق بکەن.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، عەلی فەیلی، چاودیری سیاسی لەبارەی پێکهێنانی حکومەت لە بەگدا رایگەیاند “رەوتی سەدر بە رێبەری موقتەدا سەدر، لە پێکهاتنی هاوپەیمانی لەگەڵ کورد لەوانی دیکە نزیکترە. هەروەها بۆ پێکهێنانی حکومەت پێویستە 165 کورسی هەبن، هیچ لایەنێک ناتوانێت بە تەنیا حکومەت پێکبهێنێ، بەڵام هاوپەیمانی سائیروون زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە، کە ٥٤ کورسییە.
عەلی فەیلی دەڵێت، ئەوان (لایەنە شیعەکان) دەبێ هاوپەیمانییەک پێکبهێنن، تاکو لە گەڵ سوننە و کورد تەواوکر بن و حکومەتێکی بنکە فراوان پێکبهێنن. ئەمە بژاردەیەکە، بەڵام ئەگەر سەدر بێ، پارتی لەگەڵی بەشدار دەبێ و ئەگەریش مالیکی بوو ئەوا یەکێتی لەگەڵی بەشدار دەبێ و پارتی ئۆپۆزسیۆن دەبێت.
لەبارەی دووبارە وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکوەزیران لەلایەن عەبادییەوە، عەلی فەیلی گوتی “موقتەدا سەدر مەرجی بۆ داناوە، ئەگەر ئەو مەرجانەی سەدر جێبەجێ نەکات زەحمەتە بتوانێ ئەو پۆستە وەربگرێتەوە، کە یەکێک لە مەرجەکان ئەوەیە، کە واز لە حزبی دەعوە بهێنێ. گوتیشی “ئەگەر هەوڵبدەن گەورەترین هەوپەیمانی پێکبهێنن و لە هاوپەیمانی سائیروون (بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر) گەورەتر بێت ئەویش هەر زەحمەتە تیایدا سەرکەوتوو بن”.
ئەو چاودێرە سیاسییە ئەوەشی خستەڕوو، کە سەدر سێ کەسی دەستنیشان کردووە بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، کە بریتین لە عەلی دوا، کە پارێزگاری میسانە، رائید فەهمی، سکرتێری حزبی شیوعییە و جەعفەر محەمەد باقر سەدرە، کوڕی شەهید سەدرە.