نوچەنێت: تایبەت
ئەندام پەرلەمانێکی گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە هەڵبژاردنی ئایندە دەنگی راستەقینەی ئێمە و دەنگی ئەو لایەنانەش دەردەکەوێت، کە ساختەکارییان کردووە.
ئەمڕۆی پێنجشەممە ٢٤-٥-٢٠١٨، ئەنجومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان و راپرسی لە هەرێمی کوردستان، تاوتوێی پرسی بەکارهێنان یان بەکارنەهێنانی سیستەمی ئەلیکترۆنی بۆ هەڵبژاردنەکانی هەرێم کرد. لە ئەنجامدا بە کۆی دەنگی هەر نۆ ئەندامەکەی ئەنجومەنەکە بڕیاردرا، کە “سیستەمی ئەلیکترۆنی بۆ دەنگدان و جیاکردنەوەی دەنگەکانیش بەکارنەهێنرێت و وەک پێشتر دەنگەکان بەدەست جیابکرێنەوە”.
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی٢١-٥-٢٠١٨، پێنج لایەنە ناڕازییەکەی هەرێمی کوردستان (گۆڕان، هاوپەیمانی، یەکگرتوو، کۆمەڵ و بزووتنەوەی ئیسلامی) یاداشتێکی پێنج خاڵیان ئاراستەی کۆمیسیۆن کرد و داوایانکرد کار بە سیستەمی ئەلیکترۆنی نەکرێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، قارەمان قادر، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە بڕیارەکەی کۆمسیۆن بۆ جیاکردنەوەی دەنگەکان بەدەست بۆ هەڵبژاردنەکانی هەرێم رایگەیاند “ئێمە تەمەنای ئەوە دەکەین هەڵبژاردن لەهەرێمی کوردستان بە دوو شیواز ئەنجام بدرێت، دەنگدانەکە لەڕێگەی سندوقی ئەلیکترۆنیەوە بێت و یاسایەکەش هەموار بکرێتەوە، تیایدا بە ئەلیکترۆنی و بەدەستیش هەژمار بکرێت، ئەم شێوازەش لە زۆربەی شوێنەکانی دونیا پەیڕەو دەکرێت”.
قارەمان قادر گوتیشی “رێژەی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق رێژەی ٥٠%ی تێپەڕاندووە، بۆیە دڵنیام ئەگەر دەنگەکان بەدەستی هەژمار بکرێنەوە، لەهەڵبژاردنی ئایندەی هەرێمی کوردستان دەنگی راستەقینە ی ئێمە دەردەکەوێت و دەنگی ئەو لایەنانەش دەردەکەوێت، کە ساختەکارییان کردووە لە کوردستان”.