بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی کوردی لە بەغدا چی کراوە؟

0

نوچەنێت: تایبەت

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی رایدەگەیەنێت، تائێستا بۆ پێکهێنانی فراکسیۆنێکی گەرورەی کوردی، کە هەموو لایەنەکان بگرێتەوە، کاری بۆ نەکراوە.

لە دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لە ١٢-٥-٢٠١٨، لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن، سەرقاڵی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوون، ئەمەش لەکاتێکدایە لایەنە کوردستانییەکان هیچ هەماهەنگی و کارێکی هاوبەش لەنێوانیاندا نییە بۆ گفتوگۆ لەسەر حکومەتی داهاتووی عێراق بۆ پرسی کورد.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لەبارەی کاری هاوبەشی لایەنە کوردستانییەکانەوە، رایگەیاند “تا ئێستا هیچ هەنگاوێک بۆ پێکهێنانی فراکسیۆنێکی گەرورەی کوردی، کە هەموو لایەنەکان بگرێتەوە، کاری بۆ نەکراوە. ئەوەی کە دەبینرێت ئەوەیە لایەنەکان خۆیان دەچنە بەغدا، بەبێ ئەوەی هەماهەنگی لەگەڵ یەکدی بکەن”.

فەرید ئەسەسەرد دەڵێت، لە هەرێمی کوردستانیش زۆر جار باس لەوە دەکرێت و دەگوترێت پێویستە کورد بەیەک تیم بچێتە بەغدا، بەڵام بەکردەوە ئەوەی کەدەیبینین ئەوەیە شاندەکان بەجیا دەچن، بەشێکی زۆریشیان پێشئەوەی شاند پێکبهێنن،  دەستیان بە پەیوەندییەکانی خۆیان کردووە و پەیوەندییان لەگەڵ لایەنەکانی بەغدا دروستکردووە و هەندێک بابەتیشیان تاو توێکردووە.

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی، پێیوایە پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی هاوبەشی کوردی فراوان لە نێوان لایەنە کوردستانیەکان لەم هەلومەرجەی ئێستادا قورسە و دەڵیت “رەنگە لەدوای کۆبوونەوەی یەکەمی پەرلەمانی عێراق یان دوای ئەوەی ئەگەر لایەنەکان بڕیار لەسەر بابەتەکان بدەن ئەتوانن ئەو هاوپەیمانییە دروستبکەن، بەڵام ئەگەر دروستیشی نەکەن بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی پێویستیان بە هەماهەنگی یەکدی دەبێت”.

ئەسەسەرد باسی لەوەشکرد، دەبێت ئەوەشمان لەبەرچاوبێت چوار ساڵی ڕابردوو هیچ هاوپەیمانییەک یان چەترێک نەبووە، کە فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا کۆبکاتەوە، بەڵام هەماهەنگیان لەگەڵ یەکتری کردووە لە کاتی پێویستدا، بۆیە دەکرێت ئەم ئەزموونە دووبارە بکرێتەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش دەکات، لایەنەسیاسیەکانی بەغدا خۆیان باش دەزانن، کە پڕۆسەی سیاسی عێراق بەبێ کورد بەڕێوەناچێت، لە بەرئەوە پشکێکی دیاریکراو بۆ کورد هەر دیاری دەکرێت لە حکومەتی داهاتوو، ئەو پشکەش دەکرێت کورد هەمووی بەیەکەوە وەربگرێت و بەسازان لەنێوان خۆیان دابەشی بکەن، وەدەشکرێت بەجیا وەریگرێت، بەڵام بەهەر شێوەیەک بێت ئەو پشکە گۆڕانکاری بەسەردا نایەت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com