نوچەنێت: تایبەت
ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک رایدەگەیەنێت، دروستکردنی هێزێکی تایبەت لە ناو سوپای عێراق و بە تەنها لە پێکهاتەی کورد، بە کارێکی کردەیی نازانم بۆ بارودۆخی سیاسی کەرکوک. هەنگاوێکی لەو شێوەیەش ئەوە دەگەیەنێت، کە دەیانەوێت کورد لە وەزارەتی پێشمەرگە دابڕێنن، بەتایبەتی کوردی کەرکوک.
یاسین عزەدین، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی نیشتمانی کوردستان بە رووداوی راگەیاندووە “حەیدەر عەبادی لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڵێنی دابوو بۆ پاراستنی ئەمنییەتی كەركوك، هێزێكی تایبەت لەپێکهاتەی كورد دروستبکات”. ئێستاش باسی ئەوە دەكرێت، کە كار بۆ دروستكردنی فیرقەیەک دەكرێت، تاوەكو ئێستا روون نییە ئەو فیرقەیە چۆن دروستدەكرێت، بەڵام بڕیارە فیرقەكە سەر بەسوپای عێراق بێت و تەنیا لەپێكهاتەی كوردی شارەكە بێت”.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، جوان حەسەن، ئەندامی لیستی برایەتی لەسەر پشکی یەکگرتووی ئیسلامی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، لەبارەی دروستکردنی ئەو هێزەوە رایگەیاند “من ئاگاداری بابەتێکی لەو شێوەیە نیم و بە کارێکی کردەییشی نازانم بۆ بارودۆخی سیاسی کەرکوک، بەڵام لەدوایدا ئەگەر چارەنوسی کەرکوک دیاریکرا و ماددەی ١٤٠ جێبەجێ کرا، هەر لە سەر حکومەتی عیراقی مایەوە ئەوکاتە ئاسایی یە هێزی تایبەتی هەبێت، رەنگە ئەمە وەکو بانگەشی هەڵبژاردن بووبێت بۆ راکێشانی سۆزی کورد”.
جوان حەسەن گوتیشی “کورد پێویستی بەهێزێکی لەوشێوەیە نییە، لەبەرئەوەی ئێمە هەموو هێزەکانمان لە ناو هێزی پێشمەرگە دایە، بۆیە باشتروایە هێزێکی پێشمەرگەی نیشتمانی، کە سەر بە هیچ کەس و لایەنێکی سیاسی نەبێت کاری لەسەر بکرێت و لە وەزارەتەوە دابنرێت. هەروەها هەماهەنگی لەگەڵدا بکرێت لەگەڵ هێزی عێراقی و هێزی ئەمریکی بۆ پاراستنی ئەمنیەتی کەرکوک”.
ئەندامەکەی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەڵێت “هەنگاوێکی لەو شێوەیە، ئەوە دەگەیەنێت، کە ئەو دەیەوێت کورد لە وەزارەتی پێشمەرگە دابڕێنێت، بەتایبەتی کوردی کەرکوک، کە ئەمەش بۆ چارەنووسی و داهاتووی کەرکوک خراپە لەڕووی ئەمنی و سیاسییەوە”.
جوان حەسەن ئاماژەی بەوەش دەکات، کەرکوک شارێکی کوردستانییەو بەشێکی دانەبڕاوە لە کوردستان و هێزی پێشمەرگەش ئەو پێناسەیەی پێدراوە، کە پارێزەری کوردستانە، ئەگەر ئێستا هێزێکی عێراقی دروستبکرێت، ئەو هێزە ناتوانێت لە داهاتوودا ببێتە پارێزەری میللەتی کورد بە تەنها، لەبەر ئەوەی فەرمان لەبەغداوە وەردەگرێت.