نوچەنێت: تایبەت
سەرۆکی لیژنەی پیشمەرگە لەپەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، درووستکردنی هەر هێزێکی چەکداری لەلایەن هەر کیانێکی سیاساییەوە رێگەپێدراو نییە و هیچ رێکارێکی یاسایی نییە.
لە دوای درووستبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکانی شەوی ١٣-٥-٢٠١٨ی گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی و تەقەکردن لە مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان، لە ئێستادا دروستکردنی هێزێکی چەکداری بووەتە پرسێکی جددی لە ناو لایەنگران و هەڵسوڕاوانی ئەو بزووتنەوەیە، بەپاساوی بەرگریکردن لەبزووتنەوەکەیان.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوجەنێت، شیلان جەعفەر، پەرلەمانتاری پارتی و سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە، لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بەدروستکردنی هێزی چەکدار رایگەیاند “دروستکردنی هێزێکی چەکداری تەنها لە دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە و دەتوانێت، لە چوارچێوەی رێکخستنەوەی وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستان دروستی بکات”.
سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە ئاماژە بەوە دەکات، هیچ یاسایەک نییە لە هەرێم، کە رێگە بدات بە دروستکردنی هێزێکی چەکداری لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەوە پێچەوانەی رێسا و یاساکانی هەرێمی کوردستانە و هیچ رێکارێکی یاسایی نییە.