نوچەنێت: تایبەت
ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی رایدەگەیەنێت، حیزبەکەی بۆ تاوتوێکردنی پرسی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق شاندێکی پێکهێناوە، دەچێتە بەغدا و دوو بابەتی سەرەکییە تاوتوێ دەکات.
لە دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لە ١٢-٥-٢٠١٨، لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن، سەرقاڵی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوون، بەپێی ئەنجامەکان پارتی دیموکراتی کوردستان براوەی یەکەم و یەکێتی نیشتمانی کوردستان براوەی دووەمی کوردستانن، هەریەکەیان بە جیا دەیانەوێ پرسی پێکهێنانی حکومەت لەگەڵ لایەنە براوەکانی بەغدا تاوتوێ بکەن.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لەبارەی پرسی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق، رایگەیاند “یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە مەبەستی تاو توێکردنی چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق شاندێکی پێکهێناوە، کە لە ژمارەیەک ئەندامی سەرکردایەتی و چەند نوێنەرێکی یەکێتی لە بەغدا، کە شارەزاییان لە بارودۆخی بەغدا و پەیوەندییان لەگەڵ لایەنەکاندا هەیە”.
فەرید ئەسەسەر، گوتیشی “شاندەکەی یەکێتی دەچێتە بەغدا و پرسەکانی تایبەت، بە پێکهێنانی حکومەت تاوتوێ دەکات، بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرکردایەتی ئێرە و بڕیار لەسەر پرسەکان دەدات، یەکەمین ئەرکیشی ئەوەیە، کە پەیوەندی بە لایەنەکانەوە بکات لە بەغدا”.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی ئاماژە بەوەش دەکات، کە پرسی پێکهێنانی حکومەت لە بەغدا بڕیاری لەسەر دەدرێت، و دەڵێت “کاری یەکەم، کە هەموو لایەنەکان ئێستا کاری بۆ دەکەن دووبابەتی سەرکییە، یەکەمیان شێوەی پێکهێنانی فراکسیۆنە گەورەکەی ناو پەرلەمانی عێراقە، کە حکومەت پێکدەهێنێت، دووەمیان شێوەی دابەشکردنی سێ پۆستە سەرەکییەکەیە، ئەو شاندەی ئێمەش، کە دەچێتە بەغدا ئەم دووبابەتە سەرەکییە تاوتوێ دەکات، پاشان دەگات بە بڕیارێکی دیاریکراو”.