نوچەنێت: تایبەت
سبەی سێشەممە ٢٢-٥-٢٠١٨، برێت مەكگۆرك، نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا لە شەڕی دژی داعش، سەردانی سلێمانی دەكات بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ شەش لایەنە ناڕازییەكەی هەریمی کوردستان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق. چاودێرێکی سیاسی-ش دەڵێت “ئەمریکا دەیەوێ پێگەی کورد بەهێز لە بەغدا بێت”.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، عەلی فەیلی، چاودێر و شارەزای کاروباری سیاسی لە بارەی سەردانی مەکگۆرک بۆ لای شەش لایەنەکە، رایگەیاند “ئەمریکا پێ باشە و دەیەوێ پێگەی کورد لە بەغدا بەهێز بێت، ئەو لایەنانەش، کە ناڕەزایەتییان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن هەیە، وەک قەناعەت پێکردنیان سەردانیان دەکات، ئەگەریش هەر رازی نەبن، ئەمریکا پشتگیری دوو هێزە سەرەکییەکە (پارتی و یەکێتی) دەکات”.
عەلی فەیلی دەڵێت، ئەو لایەنانە دەڵێن، ئەگەر ئەو داواکاریەمان، کە بریتییە لە “جیاکردنەوەی دەنگەکان بە دەست”، جێبەجێ نەکرێت بەشداری پرۆسەی سیاسی ناکەین، لە کاتێکدا ئەو پرۆسەیە بۆ کۆمسیۆنی باڵا زۆر زەحمەتە، چوونکە دژی یاسای کۆمسیۆنەکەیە، کە ناتوانن دەنگەکان بەدەست جیا بکەنەوە.
ئەو چاودێرە سیاسییە ئاماژە بەوە دەکات “ئەمریکیەکان پێیانخۆشە حکومەتی عێراق بنکە فراوان بێ و شیعە زۆر بەهێز نەبێ لە ناو ئەو حکومەتە نوێیە، بۆیە بەهێز بوونی کوردیان بەلاوە گرنگە”.