نوچەنێت: تایبەت
لە دوای درووستبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکانی شەوی ١٣-٥-٢٠١٨ی گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی و تەقەکردن لەمەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان، ئێستا دروستکردنی هێزی چەکداری بووەتە پرسێکی جددی لە ناو لایەنگران و هەڵسوڕاوانی ئەو بزووتنەوەیە. ئەندامێکی جڤاتی گشتی گۆڕان، پێیوایە حیزبەکەی بژاردەی چەک هەڵنابژێرێت و دەشڵێت “درووستکردنی هێزی چەکدار پرسێکە زیارتر لە ناو لایەنگرانی گۆڕان، باس دەکرێت”.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، جەعفەر خەیات، ئەندامی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، لەبارەی دروستکردنی هێزی چەکدار لەلایەن حزبەکەیەوە، رایگەیاند “گۆڕان هەر لە سەرەتای درووستبوونییەوە وەکو هێزێکی مەدەنی هاتە ساحەی سیاسی، ویستوویەتی بە رێگەی دیموکراسی گۆڕانکاری بکات، بۆیە لەو بڕوایەدا نیم بژاردەی چەک هەڵبژێرێت و بەردەوام دەبێت لەسەر مەدەنیەتی خۆی. درووستکردنی هێزی چەکدار پرسێکە زیاتر لە ناو لایەنگرانی گۆڕان، باس دەکرێت”.
جەعفەر خەیات جەختی کردەوە لەوەی، کە بزووتنەوەکەی دژی چەکە و دەڵێت “بەداخەوە یەکێتی و پارتی هیچ شتێکیان نەهێشتووەتەوە بۆ نمایشکردنی دیموکراسی، هیوادارین ئەو دوو حیزبە لایەنگرەکانمان ناچار نەکەن، دەست بدەنە چەک، و بمانگەیەننە ئەو قۆناغەی، کە نەتوانین کۆنتڕۆڵی لایەنگرەکانی خۆمان بکەین”.
ئەندامەکەی جڤاتی گشتی گۆڕان گوتیشی “هیوادارین هەر دوو حیزبی دەسەڵات رێز لە ئیرادەی خەڵکی کوردستان بگرن و جارێکی دیکە دەنگەکانی خەڵک نەدزن، بۆئەوەی خەڵک و حیزبە سیاسییەکانیش ناچار نەبن بیر لە رێگایەکی نادیموکراسی بکەنەوە”.