نوچەنێت
دوای ئەوەی، کە ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لە شاری سۆچی لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا کۆبووەوە رایگەیاند، کە لە قۆناغی جێگیرکردنی ئاشتی لە سوریا، هێزە سەربازییە بیانییەکان دەبێ خاکی ئەم وڵاتە جێ بهێڵین.
دوابەدوای ئەم گوتانەی پووتین، ڕۆژی هەینی، ئەلەکساندەر لاورنتیف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری سوریا رایگەیاند: تێکڕای هێزە بیانییەکان رووسیای لێ بەدەر بێت، دەبێ خاکی سوریا جێ بهیڵن. ئێمە سەبارەت بەو یەکە سەربازیانەی قسە دەکەین، کە لە سوریا جێگیرین، لەوانە ئەمریکا، تورکیا، حزبوڵڵای لوبنان و ئێرانییەکان.
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵنێری فەرەنسا، ئەم لێدوانەی بەرپرسانی باڵای رووسیا و قسەکردن لە سەر کشانەوەی هێزەکانی ئێران لە سوریا، بێ وێنەیە.
سەرباری ئەوەی، کە ئەم لێدوانانەی پووتین و نێردەی ناوبراو بۆ کاروباری سوریا، لە ئاژانسەکانی هەواڵی جیهان و رووسیا بڵاو بووەوە، ژمارەیەک لە میدیاکانی کۆماری ئیسلامی و لەوانە ئاژانسی فارس، کە نزیکە لە سوپای پاسداران، رایانگەیاند “لێدوانەکانی نێردەی پووتین بۆ سوریا، تەنها بۆچوونی خۆیەتی و پەیوەندی بە سیاسەتی فەرمی مۆسکۆ نییە”.
ئەلەکساندەر لاورنتیف، هەروەها گوتوویەتی، کە لێدوانەکانی پووتین لە بارەی کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە سوریا هەڵگری پەیامێکی سیاسییە و ئەم رەوتە دەبێ بخرێتە خانەی بەرنامەیەکەوە و کاری بۆ بکرێت.
ئێران لە ماوەی ٧ ساڵ شەڕی ناوخۆیی سوریا، بە یەکێ لە دوو کۆڵەکەی سەرەکی هاوپەیمان و پشتیوانی رژێمی بەشار ئەسەد دەناسرێتەوە و بە سەدان کەس لە سەرباز و میلیشیاکانی هاوپەیمانی لەم وڵاتە، گیانیان لە دەست داوە.
بە گوتەی نێردەی پووتین بۆ کاروباری سوریا، رووسیا تەنها دوو بنکەی سەربازی لە سەر خاکی سوریا هەیە، هەر بۆیە مۆسکۆ پێیوایە بۆ جێگیرکردنی ئاشتی و فەراهەم کردنی زەمینە بۆ ئەم پرۆسەیە، ئەو دوو بنکە سەربازییە وەڵامدەرە.
لاورنتیف لە ڕاستیدا مەبەستەکەی پوتینی لەبارەی ئەوەی، کە کام یەک لە هێزە بیانییەکان خاکی سوریا جێ بهێڵن، بە وردی و ڕوونی گەیاندووە. ئەم هەڵوێستە بێ وێنەیەی رووسیا دوای ئەوە دێ، کە پیشتر راگەیێندراوە، کە سوریا بڕیارە لە گفتوگۆکانی ئەم جارەی جنێف بەشدار بێت، کە تایبەتە بە ئامادەکردنی دەستورێکی نوێ بۆ ئەم وڵاتە. ئەمەش هەڵگری ئاماژەیەکی روونە، رووسیا لە بارەی ئایندەی سوریا لە دەرەوەی گفتوگۆکانی ئاستانا، لەگەڵ رۆژئاواییەکانی رێککەوتنی ژێربەژێری کردووە.
لە لایەکی دیکەوە، سێرگی لاڤرۆڤ، سەرۆکی دەزگای دیبلۆماسی سوریا، رۆژی هەینی رابردوو، لە لێدوانێکی جیاواز بۆ میدیاکان و لە میانەی سەردانەکەی بۆ ئەرجەنتین، گوتی: هێزە سەربازییەکانی رووسیا لە ساڵی ٢٠١٥ و لە سەر داوای دەوڵەتی سوریا، لەم وڵاتە جێگیر کراون و لە دیسەمبەری ٢٠١٧، بەشێکی زۆری هیزەکانمان لە سوریا کشاندۆتەوە. کاروباری رووسیا لە سوریا، تاکو ئیستا تەواو نەبووە و تا ئەو کاتەی، کە رژێمی بەشار ئەسەد پێویستی بە مۆسکۆ بێت، لە سوریا دەمێنینەوە.
لەم رووەوە روونە، کە رووسیا بۆ مانەوەی هێزەکانی خۆی لە سوریا، دوو پاساو یان دوو هۆکاری لە بەردەمە:
یەکەم: دەوڵەتی سوریا داوا لە مۆسکۆ بکات، کە هێزەکانی بهێلێتەوە، واتا تا ئەو کاتەی، کە سوریا پێویستیەتی، رووسیا هێزەکانی لەم وڵاتە جووڵە پێ ناکات.
دووەم: رووسیا دوو بنکەی سەربازی گرنگی لە سوریا هەیە، یەکەم بنکەی بەندەری تەرتوس، هەڵکەوتوو لە کەناراوی رۆژهەڵاتی دەریای مەدیتەرانە. دووەم، بنکەی لازقیە، هەر بۆیە بە مافی رەوای خۆی دەزانێ، کە لە سوریا بمێنێتەوە.
مانگی مەی ساڵی رابردوو بوو، کە وەلید موعەلیم، وەزیری دەرەوەی سوریا رایگەیاند “ئێمە تەنها رەزامەندیمان لە سەر مانەوەی هێزەکانی رووسیا هەیە و تێکڕای وڵاتان دوای تێکشکانی داعش، دەبێ سەرجەم هێزەکانیان لە سوریا بکشێننەوە”.
ئێستا پرسیاری سەرەکی لێرەدایە، ئایا ڕۆژئاوا و رووسیا، بۆ دەرکردنی ئێران لە سوریا، رێککەوتنیان کردووە؟ ئایا خودی رژێمی بەشار ئەسەد بەشێکە لەم رێککەوتنە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە دەبی چاوەڕێی هەڵوێست و کاردانەوەی ئێران و سوریا و سەرجەم ئەکتەرەکانی گەمەی قەیراناوی سوریا بکەین.