نوچەنێت: تایبەت
سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان به‌هۆى ته‌واونه‌بوونی راپۆرتی هاوبه‌شی لیژنه‌کانی دارایی و یاسایی بڕیاری دواخستنی کۆبوونەوەکەی سبەینێیدا، سەرۆکی لیژنەی دارایی-یش دەڵێت “بەهۆی تەواو نەبوونی رێژەی یاسایییەوە نەمانتوانی کۆبوونەوە بکەین و دواخراوە بۆ کاتێکی نادیار”.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، عیزەت سابیر، سەرۆکی لیژنەی دارایی و ئابووی پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان لەسەر پڕۆژەیاسای چاکسازی، رایگەیاند “تائێستا راپۆرتی کۆتایی لیژنەی دارایی و یاسایی پەرلەمان، لەسەر پڕۆژەیاسایی چاکسازی تەواو نەبووە و هەروەها هەر دوو لیژنەکان، سەرقاڵی ئامادەکردنی راپۆرتی کۆتایین لەسەر پڕۆژەیاساکە”.
سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، گوتیشی “ئەمڕۆ یەكشەممە ٢٠-٥-٢٠١٨، بڕیاربوو کۆبوونەوەی لیژنەکان ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی تەواو نەبوونی رێژەی یاسایییەوە نەمانتوانی کۆبوونەوەبکەین و کۆبوونەوەکە دواخراوە بۆ کاتێکی نادیار”.
ئەمڕۆ یەکشەممە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لەراگەیەندراوێکیدا، رایگەیاندووە “به‌هۆى ته‌واونه‌بوونی راپۆرتی هاوبه‌شی هه‌ردوو لیژنه‌ی (كاروبارى یاسایی) و (دارایی و ئابوورى و وه‌به‌رهێنان)، سه‌باره‌ت به یاسای ژماره (٤)ى ساڵی ٢٠١٨، یاسای (چاكسازی له خانه‌نشینی و موچه و ده‌رماڵه و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانى تر له هه‌رێمی كوردستان-عێراق)، ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان بڕیاریدا به‌دواخستنی دانیشتنی ژماره (١)ى ئاساییی خولی به‌هاره كه بڕیاربوو رۆژى دووشه‌مه رێكه‌وتی ٢١-٥-٢٠١٨ ئه‌نجام بدرێت”.