نەوشیروان مستەفا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی چارەنوسسازدا
..
نەک ئەوانەی دۆستی ئەون، دوژمنانیشی دان بەو راستیەدا دەنێن، کاتێک رێککەوتنی ستراتیژی پارتی و یەکێتی دیموکراسی مردارکردەوە لەکوردستان، نەوشیروان مستەفا بە دروستکردنی لیستێکی جیاواز لەهەڵبژاردندا، رۆحی وەبەر دیموکراسیدا کردەوە.
ئەمە بەتەنها سەروەرییەکە لە مێژووی ئەو پیاوەدا، کە بەقەد هەموو لاپەرەکانی تری مێژووی وی قورسایی هەیە.
ئاخر راستە رێککەوتنی ستراتیژی شەڕی ناوخۆی دوورخستەوەو ئەو مەترسییەی رەواندەوە، بەڵام توش بە کارەساتێکی تری کردین، کە دیموکراسی لەکوردستاندا تۆپاندبوو، ماقول نەبوو دوو حزب کە دەنگی یەکەم بن لەکوردستان بێ کێبەرکێی دیموکراسی بمێننەوەو کورسیەکانی دەسەڵات دابەش بکەن، وەک کردبوویان، ئەوکات وەکو شانۆگەریش هەڵبژاردنێک ئەنجام بدەن وەک بەنیاز بوون.
نەوشیروان مستەفا بە لیستی گۆڕان ئەمەی نەهێشت و فریای دیموکراسیەت کەوت لەکوردستان و رزگاریکرد، ئەگەرچی ئەدای بزوتنەوەکەی دنیایەک رەخنە هەڵدەگرێت، بەڵام ناکرێ دان بەو سەروەریەدا نەنێن کە تۆماریانکرد بۆ هەنگاونان بەرەو دیموکراتیزەکردنی کوردستان.
ئێستا دوای نەخۆشکەوتنی مام جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتی یەکێتی و لەئەگەری چاکبونەوەشی هیوا نەمان بەوەی کە بتوانێ رابەرایەتی بکات، دیسان دیموکراسیەت لەکوردستان کەوتۆتەوە بەر مەترسی، بەوەی کە یەکێتی لەدوای مام جەلال رەنگە توشی پەرتەوازەبوون بێت، هیچ گەرەنتیەکیش نییە بۆ ئەوەی ئەوانەی پەرتەوازە دەبن لە دەوری بزوتنەوەی گۆڕان کۆدەبنەوە، یان تەرازووی هێزی بەیەکجاری لا سەنگ نەبێت.
هەموو ئەوانەش سیگناڵن کە لەکوردستان پارتی هێزی گەورە دەبێت و هەموو ئەوانی تریش دەبنە هێزۆکەی بچوک و ناوچەیی، ئەوەش پێمان دەڵێت کەجارێکی تر تەرازووی هێز لەکوردستان لاسەنگ دەبێت، لایەک دڵنیا دەبێت لەسەرکەوتن و هەوڵدانی لایەنەکانی تر بێ سود دەبن و زیاتر دەبنە هەوڵی لۆکاڵی.
بۆیە من لێرەوە هیواخوازم نەوشیروان مستەفا ئەگەر سەرکردەکانی یەکێتی قبوڵیان بێت، کە دیارە قبوڵیشیانە، جڵەوی یەکێتی بگرێتەوە دەست و بەوەش پارسەنگی هێز لەکوردستاندا رابگرێت، دەکرێت کاک نەوشیروان بزوتنەوەی گۆڕان وەکوخۆی بهێڵێتەوەو یەکێتی بکاتەوە بەرەکەی جاران، کە لەچەند رەوت و باڵ و لایەنێک پێک هاتبوو، بۆخۆشی رابەرایەتی هەموو بەرەکان بکات، بەمە نەوشیروان مستەفا جارێکی تر بۆ هەموولایەکی دەسەلمێنێت، کە پیاوی دەربازکردنی قەیرانەکانەو فریاد رەسی پرۆسە دیموکراسیەکەیە. ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت و چاوەڕوانکراوە نەوشیروان مستەفای خستۆتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورە و چارەنوسساز بۆ گشت کوردستان. بەهیوام لەمەشدا کاک نەوشیروان سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.
…
رزگار رەزا چوچانی
سەرنوسەری نوچەنێت