نوچەنێت
رۆژی هەینی 18-5-2018 لە راگەیێندراوێکدا ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی، هەواڵی کۆچی دوایی عادل موراد، سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی راگەیاند.
عادل موراد بەرەبەیانی رۆژی هەینی 18-5-2018 لە تەمەنی 69 ساڵی لە ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد.

دەقی راگەیێندراوی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
ئەندام و کادیر و هەڤاڵانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان
بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، هەواڵی کۆچی دوایی هەڤاڵ عادل موراد ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و سکرتێری ئەنجومەنەکەمان، ئەنجومەنی ناوەندی (ی.ن.ک) رادەگەیەنین، بەم بۆنە خەمناکەوە پرسە و سەرەخۆشی لە خۆمان و کەسوکار و خانەوادە و هاورێ و هاوسەنگەرانی و کۆمەڵانی خەڵک بە گشتی و جەماوەری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە تایبەتی دەکەین، بەڵێن دووپاتدەکەینەوە درێژە پێدەری رێبازە پیرۆزەکەی بین.
عادل موراد لە 11-12-1949 لە خانەقین لە دایكبووە و بڕوانامەی بە کالۆریۆسی لە زانکۆی بەغدا بەدەستهێناوە و لە تەمەنی لاوێتییەوە دەستی بە كار و خەباتی سیاسیی كردووە و یەكێكە لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی نیشتمانی كوردستان.
هەروەها ماوەی چەند ساڵێک لێپرسراوی ناوەندی راگەیاندنی یەکێتی بووە و ماوەی چوار ساڵ باڵیۆزی عێراق بووە لە رۆمانیا، ماوەی چەند ساڵێکیش نوێنەری مام جەلال بووە لە دیمەشق.