نوچەنێت: تایبەت
ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە دەنگدانی تایبەت گوتمان زوڵم لە پارتی کراوە، بەڵام ئەوان چوونکە لە دژی ئێمە بوو، هەموو لایەنەکان بێدەنگ بوون.
شەش لایەنی کوردستانی بەشدار لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هەریەک لە گۆڕان، کۆمەڵ، یەکگرتوو، هاوپەیمانی، شیوعی و بزووتنەوەی ئیسلامی، لە بارەگای سەرەکی هاوپەیمانی لە سلێمانی کۆبوونەوە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیان رەتکردەوە و دەڵێن، ساختەکاری کراوە و پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان لێکۆڵینەوە بکەن و دەنگەکان بە دەنگ دەست هەژمار بکرێتەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە بارەی ساختەکاری لە هەڵبژاردن رایگەیاند، پێش ئەوەی لایەنەکان ئەوان باسی ساختەکاری بکەن، لە دەنگدانی تایبەت گوتمان زوڵم لە پارتی کراوە، بەڵام ئەوان چوونکە لە دژی ئێمە بوو، هەموویان چەپڵەیان بۆ یەکیتی لێدەدا و بێدەنگ بوون.