نوچەنێت: ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز
هاوکات لەگەڵ گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ ئۆرشەلیم و هێرشی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، کە کوژران و برینداربوونی دەیان کەس لە فەلەستینیەکانی بەدواوە بوو، کۆمەڵگەی جیهانی و وڵاتان هەڵوێستیان بەرامبەر بەم بڕیارە و رووداوەکانی رۆژی رابردوو گرت.
ئێران
جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕۆژی دووشەممەی بە ڕۆژی شەرمەزاری گەورە وەسف کرد و لە تویتێکدا نووسی: رژێمی ئیسرائیل بەو پەڕی بێ باکی فەلەستینییەکانی کوشت. زەریف راشیگەیاند “تڕەمپ بڕیاری گواستنەوەی نایاسایی باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەکات بە جەژن، ئەمە تەنها شەرمەزاری و بەلاڕێدابردنی رای گشتییە”.
تورکیا
بیناڵی یەڵدرم، وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی “مخابن، ئەمریکا لە پاڵ دەوڵەتی ئیسرائیلە، بۆ کوشتاری خەڵکی مەدەنی و شەریکی تاوانێکی دژەمرۆیی”. یەڵدرم گوتیشێ، ئیسرائیل لە هەوڵدایە بە هەڵایسانی شەڕ لە دەرەوەی سنوورەکانی، کێشە ناوخۆییەکانی خۆی بشارێتەوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، پێشتریش جەختی کردبووە، کە قودس هێڵی سووری موسوڵمانانە و هەڕەشەی کردووە، ئەگەر ئەمریکا ئەم بڕیارە بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل دادەخات.
دامەزراوەی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین
مەحمود عەباس، سەرۆکی دامەزراوەی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین، کردنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکای لە قودس، وەک هۆکارێک بۆ ناسەقامگیری ناوچەکە وەسف کرد. عەباس گوتیشی، بەم هەنگاوە، ئەمریکا رۆڵی خۆی لە ئاشتی بردە ژێر پرسیار و بێ رێزی بە سەرجەم وڵاتانی عەرەبی و موسوڵمانان کردووە.
کۆمکاری عەرەبی
ئەم هاوپەیمانییە داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد، بەرامبەر بەم بڕیارە ناعادیلانەیە بوەستنەوە و هاوکات بڕیارەکەی بە داگیرکردنی قودس لە لایەن ئیسرائیل لێکدایەوە. کۆمکاری عەرەبی راشیگەیاند “بڕیارەکە هێرشێکی شەرمنانەیە بۆ سەر هەستی وڵاتانی عەرەبی و موسوڵمانان”.
ئەمە لە کاتێدکایە، کە کۆمکاری عەرەبی، بڕیارە لەم بارەیەوە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی پێکبێنێ و داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە، لەبارەی کوشتاری چەند ڕۆژی ڕابردووی کەرتی غەززە کۆبێتەوە”.
ئامادەبووانی رێوڕەسمی کردنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا
ئاسیا: تایلەند، فیلیپین، ڤیێتنام، میانیمار.
ئەفریقا: ئێتیۆپی، سودانی باشوور، تانزانیا، ڕواندا، زامبیا، کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ، کۆماری کۆنگۆ، کامێرۆن، ساحلی عاج و نیجریا.
ئەوروپا: مەقدونیە، جۆرجیا، ئۆکرانیا، رۆمانی، سێربستان، مەجارستان، کۆماری چیک، نەمسا و ئاڵبان.
ئەمریکای باشور: کۆماری دۆمینکەن، هیندوراس، پاراگۆئە، پرۆ، پاناما، گواتمالا، ئەلسەلوادۆر.
نەتەوەیەکگرتووەکان
ئەنتۆنیۆ گۆترێس، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان، نیگەرانی خۆی لەبارەی کوشتاری خەڵکی کەرتی غەززە دەربڕی و گوتیشێ “هیچ رێکاریک بوونی نییە، مەگەر ئەوەی، کە دوو دەوڵەت لە قودس بوونیان هەبێ و ئیسرائیل و فەلەستینیەکان بتوانن بە ئاشتیانە پێکەوە بژین”.
ئەفریقای باشور
ئەم وڵاتە رایگەیاند، وەک دژکردەوە بەرامبەر بە کوشتاری خەڵکی غەززە لە لایەن ئیسرائیلەوە، باڵیۆزی خۆی لەم وڵاتە بانگهێشت دەکاتەوە. ئەفریقای باشوور لە بەیانێکدا رایگەیاند “بە سەرنجدان بە هێرشی بێ بەزەییانەی ئیسرائیل، ئەفریقای باشوور، بڕیاری دا دەستبەجێ باڵیۆزی خۆی لەم وڵاتە بانگهێشت بکاتەوە.
یەکێتی ئەوروپا
فێدریکا مۆگرینی، بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، جەختی کردەوە، کە ئیسرائیل دەبێ ئەو پەڕی پشوودرێژی لەخۆی نیشان بدات، تاکو کەسی دیکە نەکوژرێ. مۆگرینی جەختی لە سەر مافی خۆپێشاندانی ئاشتیانەش کردەوە. هەروەها گوتیشی “نابێ حەماس ئەم رووداوانە بۆ ئامانجی تایبەتی خۆی بەکاربهێنێ”.
بەریتانیا
تێرێزا مەی، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، لە سەرەتاوە دژی ئەم بڕیارەی تڕەمپ بووە و وڵاتەکەی هیچ پلانێکی بۆ گواستنەوەی باڵیۆزخانەی خۆی بۆ قودس نییە.
فەرەنسا
ژان ئێڤ لۆدریان، سەرۆکی دەزگای دیبلۆماسی فەرەنسا، بڕیارەکەی تڕەمپی بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش وەسف کرد و داوای لە بەرپرسانی فەلەستین و ئیسرائیل کرد، کە بە هەستى بەرپرسیارێتی مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن.
ئەڵمانیا
ماریا ئادیر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، جەختی لە سەر دژایەتی وڵاتەکەی بەرامبەر بە بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا کرد و گوتیشی “ئێمە و یەکێتی ئەوروپا پێمانوایە، ئەم ناکۆکیانە تەنها بە رێککەوتنی دوو لایەنە چارەسەر دەکرێن و قودس دەبی وەک پایتەختی دوو وڵاتی فەلەستین و ئیسرائیل بە فەرمی بناسرێت”.




