نوچەنێت: تایبەت
ئەندام پەرلەمانێکی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، هەموو ئەگەرێک لە بەردەم بزووتنەوەی گۆڕاندا کراوەیە، ئێمە هەموو هەوڵێکی دیپلوماسی، سیاسی و یاسایی دەیخەینەگەڕ لەپێناو گەڕانەوەی دەنگی دەنگدەرەکانماندا.
رۆژی شەممە ١٢-٥-٢٠١٨، ههڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بهڕێوهچوو، دوای ئاشکرابوونی ئەنجامە بەراییەکانیشی، هەریەک لە بزووتنەوەی گۆڕان، هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان رایانگەیاند، ساختەکارییەکی زۆر بە تایبەت لەسنوری پارێزگای سلێمانیدا کراوە و هەموو ئەنجامێکی هەڵبژاردنێکیان رەتکردەوە، دواتر پارتی-یش رایگەیاند “لە سلێمانی ساختەکاری کراوە”.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، منیرە عوسمان عەلی، پەرلەمانتاری کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان، سەبارەت بە گواستنەوەی ئەزموونی دەنگدانی ئەلیکترۆنی بۆ هەرێمی کوردستان، رایگەیاند “سندوقی دەنگدانی ئەلیکترۆنی سیستەمێکی تەکنەلۆژییە، ئەگەر ئەو کەسەی تەکنەلۆژیاکە بەکاردێنێت، بە باشی بەکاری بهێنێت ئەوا سیستەمەکە بە باشی دەچێ بەڕێوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم سیستەمە ئەلیکترۆنییە لە عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی کەسانی ساختەکار بەکاری هێناوە، بۆیە دەنگی خەڵکی هەرێمی کوردستان ئەبەن”.
ئەو پەرلەمانتارەکەی گۆڕان ئاماژە بەوەش دەکات، دەوڵەتی ئیقلیمی گزی و ساختەکاری بۆ یەکێتی و پارتی کردووە لە دەنگی خەڵکی کوردستان.
سەبارەت بە بژاردەی کشانەوەی بزوتنەوەکەشی لە پرۆسەی سیاسی عێراق، منیرە عوسمان گوتی “هەموو ئەگەرێک بۆ بزووتنەوەی گۆڕان کراوەیە، ئێمە هەموو هەوڵێکی دیپلوماسی، سیاسی و یاسایی دەیخەینەگەڕ لەپێناو گەڕانەوەی دەنگی دەنگدەرەکانماندا، چونکە ئێمە دەنگی دەنگدەرەکانی خۆمان هەرزانفرۆش و هەڕاج ناکەین، تا کۆتا هەناسە ئەگەر بەگیانی خۆشمان بێت بەرگری لێدەکەین”.