نوچەنێت: تایبەت
حکومەتی عێراق رەزامەندی لە سەر خەرجکردنی پارەی گەنمی جووتیارانی قەزای مەخموور نیشاندا، بەڕێوبەری گشتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمیش، دەڵێت “ئەوە چەکی پارەی ساڵی ٢٠١٧یە و چەکی پارەکەش لە سایلۆی قەزاکە دابەشدەکرێت، جووتیاران دەتوانن لەسبەینێ وە سەردانی سایلۆی مەخموور بکەن”.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان، راگەیاند “حکومەتی عێراق بڕیاری خەرجکردنی سەرجەم پارەی گەنمی جووتیارانی ساڵی ٢٠١٧ی قەزای مەخموور ی دەرکردووە، ئەو جوتارانەی کە لەسایلۆی مەخموور گەنمیان تەسلیمکردووە”.
سەبارەت بەبڕی پارکە، نەوزاد ئەدهەم دەڵێت “بڕی ٢٥ ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دینارە، جووتیارانی مەخموور لە سبەیەوە دەتوانن سەردانی سایلۆی مەخموور بکەن بۆ وەرگرتنی چەکی پارەکەیان، دواتر دەتوانن لەبانکی نوور لە پارێزگای کەرکوک پارەکەیان وەربگرن”.
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم ئاماژە بەوەش دەکات، کە دابەشکردنی چەکی پارەکەش بەپێی ریزبەندی تەسلیمکردنی گەنمەکەیە بەسایلۆی مەخموور، واتە ئەوانەی زووتر گەنمیان تەسلیم کردووە زووتر چەکی پارەکەیان وەردەگرن.