گۆڕان: ئەو ساختەکارییەی کراوە لە توانای ئەواندا نییە

0

نوچەنێت: تایبەت

ئەندام پەرلەمانێکی گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەو ساختەکارییەی کراوە لە توانای دەسەڵاتی لۆکاڵیدا نییە و لەو بڕوایەداین، کە دەستوەردانەکە لەدەرەوەی هەرێمی کوردستان کرابێت.

رۆژی شەممە ‌١٢-٥-٢٠١٨ هه‌ڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق به‌ڕێوه‌چوو و رێژه‌ی به‌شدارییكردن له ‌پرۆسه‌كه‌دا زۆر كه‌مبووه‌ته‌وه‌ و بەجۆرێک کە له‌ عێراق ٤٤.٥% بووە و بڕیاریشە ٤٨ کاژێر دواتر ئەنجامەکان رابگەیەندرێن.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، ئەیوب عەبدوڵڵا ئیسماعیل، ئەندام پەرلەمانی کوردستان، لە فراکسیۆنی گۆڕان، لە بارەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن رایگەیاند “ئەو ساختەکارییەی، کە کراوە زۆر بە نەزانانە کراوە، چونکە ناکرێت لە هەموو ئەو شوێنانەی، کە رکابەری یەکەم بووبی، تەنانەت لە بنکەیەک و وێستگەیەكیشدا بە یەکەمی نەمێنیتەوە. بۆیە ئەوەی، کە ئەوان کردوویانە تەوەقوعی وا لە پاشەکشەکردنی بزووتنەوەی گۆڕاندا ناکرێت بەو شێوازە”. 

ئەیوب عەبدوڵڵا دەڵێت “یەکێتی خۆی کێشەی جیابوونەوەی باڵی هاوپەیمانی هەبوو، کە خەڵکی کوردستان هەموو ئەو ڕاستییە دەزانن، لە کوێی دونیادا هەبووە دابەشبوون هەبێ لەناو حیزبێکدا و باڵێکی لێی جیاببێتەوە، بەڵام دوای ئەوە بچێتە ناو هەڵبژاردنەوە و دەنگەکانیشی زیاد بکات، هەموو خەڵک دەزانێت ئەو دەنگانەی یەکێتی دابەش بوونە لە هەڵبژاردن بەشێکی ڕۆشتووە بۆ  هاوپەیمانی و بەشێکی بۆ خۆی ماوەتەوە. ئەی چۆن توانیویەتی دەنگی خۆی زیاد بکات و بەشەکەی خۆی زیاتربێت لەوەی کەپێش دابەشبوونەکە هەبووە”. 

پەرلەمانتارەکەی بزووتنەوەی گۆڕان گوتیشی “ئەو ساختەکارییەی، کە کراوە لەم هەڵبژاردنەدا لە توانای دەسەڵاتی لۆکاڵیدا نییە و لەو بڕوایەداین، کە دەستوەردانەکە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان کرابێت”.

سەبارەت بەوەی ئەگەر ئەنجامەکان هەر بەمشێوەی ئێستا قبوڵبکرێت، ئەیوب عەبدوڵڵا ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر و هەڵوێستی زۆر هەیە، کە بزووتنەوەی گۆڕان بیگرێتە بەر، ناکرێت گۆڕان لە زوڵمێکی ئاوا بێدەنگ بێت، چونکە دەنگی دەنگدەران ئەمانەتێکە لە ئەستۆی گۆڕاندایە و پارێزگاری لە دەنگی دەنگدەرەکانی خۆی دەکات، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو شێوازە مەدەنییەکان دەگرێتەبەر.   

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com