رۆڵی ئێران لە کابینەی داهاتووی عێراق

0

نوچەنێت

خەڵکی عێراق ئەمڕۆ ١٢ی مەی، بۆ یەکەمجار لە دوای تێکشکانی داعش چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان. ئەم هەڵبژاردنە لە دوای رووخانی رژێمی بەعسی عێراق، بە چوارمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەم وڵاتە هەژمار دەکرێت.

بۆ ئەم هەڵبژاردنە گرنگە؟

هەڵبژاردنی ئەمڕۆی عێراق لە دوای تێکشکانی داعش لە ٢٠١٧ گرنگی تایبەت بە خۆی هەیە. بێجگە لە چەند کەسایەتی و دەموچاوی تازە نەبێ، لیست و قەوارەکان، هەمان ئەو کەسانە سەرکردایەتی دەکەن لە لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٥ بە دواوە لە مەیدانی سیاسی عێراق ئامادەن.

گرنگترین گٶڕانکارییەکان پەیوەستە بە بەرجەستەترین هێزی سیاسی عێراق، واتە پێکهاتەی شیعە، کە لە ساڵی ٢٠٠٥ بە تێکڕایان لە ژێر ناوی ئیتلافی عێراقی یەکگرتووە ئامادەی کایەی سیاسی ئەم وڵاتە بوون، بەڵام ئەمڕۆ شیعەکان بە سەر پێنج هاوپەیمانی دابەشبوونە، کە ئەم خاڵە لە خۆیدا پرۆسەی پێکهێنانی کابینە لە درێژەماوەدا بەرەوڕووی گرفت دەکاتەوە.

بە پێی راپرسییەکی سەرتاسەری، کە مانگی مارسی ڕابردوو ئەنجام دراوە، گرنگترین پەرۆش و پێویستی خەڵکی عێراق ئاسایش، دەرفەتی کاری و ئابورییە.

پرۆسەی هەڵبژاردن بە چ شێوەیەکە؟

لەم هەڵبژاردنە ٣٢٠ نوێنەر بۆ پەرلەمان هەڵدەبژێردرێ تاکو دواتر سەرۆککۆماری و سەرۆکوەزیرانی ئەم وڵاتە دیاری بکەن.

لە سەریەک ٦٩٩٠ کاندید لە ٨٧ حزب و قەوارە و لیست رکابەرایەتی یەکتر دەکەن. لە کۆی ئەم ژمارەیە، ٢٠١١ کەسیان ژنن، کە بڕیارە ٢٥ %ی کورسیەکان بۆ خۆیان تەرخان بکەن. ٩ کورسیش تایبەت کراوە، کە کەمینەکان.

لیستە سەرەکییەکان سەر بە پێکهاتەی کورد، سوننە و شیعەن. ئەم کەسانە بۆ ماوەی چوار ساڵ کاروباری پەرلەمان هەڵدەسووڕێنن.

حزبە سەرەکییەکانی شیعە

سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق لە نێوان ٥ حزبی سەرەکی شیعە دیاری دەکرێت. حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیران عێراق، وەک سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر جارێکی دیکە هەوڵی وەرگرتنی پۆستەکەی دەداتەوە. نوری مالیکیش، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رکابەرێکی دیکەی ئەم پۆستەیە و هەردووکیان سەر بە حزبی دەعوەی عێراقن.

دوو حزبی دیکە، کە لە گروپەکانی هاوپەیمانی باڵای ئیسلامی جیا بوونەتەوە، لە رابردوودا رکابەری سەرەکی حزبی دەعوە بوون.

یەکێک لەم دوو حزبە هاوپەیمانی فەتح-ە، کە هادی عامری، سەرکردایەتی دەکات و ئەویتر رەوتی حیکمەیە، کە عەمار حەکیم، رابەرایەتی دەکات. پێنجەمین لیستی سەرەکی شیعەکان، رەوتێکە بە ناوی السائرون، کە ئێئتلافێکە لە رەوتی سەدر و حزبی کۆمۆنیستی عێراق.

لە هەرێمی کوردستان و سوننەکانی عێراقیش چەند حزب و رەوتی دیار رکابەرایەتی یەکتر دەکەن.

دوای دەنگدان چی روودەدا؟

لە دوای دەنگدان، دەبێ چاوەڕێی هاوپەیمانی و رێککەوتنی نوێ بکەین، کە سەرەکیترین ئامانجیان هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانە.

لە کاتێکدا زۆربەی ئەو کەسانەی، کە بەشدارییان لە راپرسییەکی مانگی مارس کردووە رایانگەیاندووە، کە هێشتا بڕیاریان نەداوە دەنگ بە چ کەسێک بدەن، بەڵام ١٥% رایانگەیاندووە، کە دەنگ بە هاوپەیمانی نەسر دەدەن، کە عەبادی ئاراستەی دەکات. هەڵبژاردنەوە عەبادی رەنگە ببێتە جێی رەزامەندی و خۆشحاڵی سوننەکان، بەڵام بە هۆی هەڵوێستی توندی ناوبراو بەرامبەر بە پرۆسەی ریفراندۆم کەم نین ئەو لایەنانەی، کە لەگەڵ هاتنەوەی عەبادی نین.

شازەرایان پێشبینی ئەوەش دەکەن، ئەگەر عەبادی بۆ جاری دووەم پۆستی سەرۆکوەزیران بە دەستەوە بگرێ، زۆربەی هاوپەیمانیەکانی شیعە بەشداری کابینەکەی دەبن.

ئەم پێشبینیە بە تایبەت لە بارەی هاوپەیمانی فەتح، کە عامری سەرکردایەتی دەکات و پەیوەندییەکی نزیک و چڕی بە ئێرانەوە هەیە، وەڕاست دەگەڕێ.

هاوپەیمانی فەتح بە شێوەیەکی جددی بەشێک دەبێت لە کابینەی داهاتوو. لێرەدا پرسیار ئەوەیە، کە پشکی ئەم لایەنە تا چ رادەیەکە؟

سیناریۆکانی بەردەم ئەم پرسیارە گرێدراوە بە رێژەی ئەو دەنگانەی، کە ئەمڕۆ یەکلا دەبنەوە، لەمەش بترازێ بە رادەیەکی زۆر پەیوەستە بە رۆڵی ئێران و کاریگەری ئەم وڵاتە بە سەر لایەنە شیعەکان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی و رێککەوتنی نوێ.

بەهێزترین سیناریۆ ئەوەیە، کە ئێران بۆ هاتنە کایەی هاوپەیمانییەکی نوێ، کە لانی کەم چوار لایەنی سەرەکی شیعە تیادا بەشدار بن، هەوڵ دەدات. ئەم سیناریۆیە لە خۆیدا گرێدراوە بە گرەنتیکردنی پشتیوانییەکی زۆری کورد و سوننە، بۆ ئەوەی، کە زۆرینەیەکی پەرلەمانی رەها لە پەرلەمان پێکبێت.

فاکتەری یەکلاکەرەوەی دیکە، رۆڵی ئەمریکایە لە دانوستانەکان. لە ڕابردوودا سەرۆکوەزیرانی عێراق دەنگ و رای هەر دوو وڵاتی ئێران و ئەمریکای لە سەر بێت، بەڵام ئەم جارە روون نییە، ئەمریکا بە چ شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە دەکات.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com