نوچەنێت
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە دەبێ نوێنەرانی کورد لە بەغدا پەند لە رابردوو وەربگرن. دەشڵێت “هەموو فراکسیۆنە کوردییەکان پێکەوە و بە یەک لیست بەشداریی کۆبوونەوەکانی پێکهێنانی حکومەتی عێراق بکەن”.
کاتژمێر ٧ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ١٢-٥-٢٠١٨، پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەو وڵاتە و هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق، دەستی پێ کرد و تا کاتژمێر٦ی ئێوارە بەردەوام دەبێت.
هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی، دوای بەشداریکردن لە پرۆسەی دەنگدان، بە رۆژنامەنووسانی رایگەیاند، ئەمڕۆ رۆژێکی گرنگە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان، بۆ هەڵبژاردنی لیست و نوێنەرەکانی خۆیان.
هۆشیار زێباری ئاماژەی بەوە کرد، کە دەبێ هەموو لایەنە کوردستانییەکان بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرن و وانە لە رابردووی عێراق وەربگرن و هەوڵی پێکهێنانی حکومەتێکی رێکوپێک پێکبهێندرێت و ویستی کورد جێبەجێ بکرێت.
ئەو سەرکردەیەی پارتی، هیواشی خواست دوای هەڵبژاردن، هەموو لایەن و فراکسیۆنە کوردییەکان پێکەوە و بە یەک لیست بەشداریی کۆبوونەوەکانی پێکهێنانی حکومەتی عێراق بکەن، چونکە بەمشێوەیە دەنگی کورد بەهێزتر دەبێت.