نێچیرڤان بارزانی دەنگیدا

0

نوچەنێت

لەگەڵ دەستپێکردنی، پرۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ پەرلەمانی عێراق، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەشداری پرۆسەی دەنگدانی کرد.

ئەمڕۆ شەممە ١٢-٥-٢٠١٨ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەدوای دەنگدانی و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند “بۆ گەلی کوردستان و عێراق رۆژێکی گرنگ و مێژووییە، پرۆسەیەکی دیموکراسییە، کە لەرێگەی سندووقەکانی دەنگدانەوە نوێنەرەکانی خۆیان دەستنیشان دەکەن. بۆ ئێمە زۆر گرینگە هاونیشتمانیان بەشدارییەکی گەرموگوڕیان هەبێت. ئێستاش باران دەبارێت، هیوادارم باران نەبێتە هۆی ساردکردنەوەی هیچ لایەک و هەموو لایەک بڕۆنە سەر سندووقەکانی دەنگدان، چونکە بۆ ئێمە ئەم هەڵبژاردنە زۆر گرینگە”.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە وەڵامی پرسیارێک بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق بە زۆرینە، گوتی “هەر لایەنێک بەبێ هاوپەیمانی ناتوانێ حکومەت پێکبهێنێت، ئەوە روونە، ئێمە پێمانوایە حکومەتی زۆرینە لە بەرژەوەندی عێراق نییە، بەتایبەتی لەگەڵ پێکهاتەی کورد دەبێت رەچاوی ئەوە بکرێت و پێمانوانییە ئەوە لە بەرژەوەندی عێراق بێت ئەگەر رووبدات.

نێچیرڤان بارزانی گوتی “هیوادارین ئەمە ببێتە سەرەتای قۆناغێکی نوێ لە عێراق، ئەم قۆناغە، قۆناغی دوای داعشە و دەبێت گرنگی بدرێت بە خزمەتگوزارییەکان لە هەموو عێراق بە هەرێمی کوردستانیشە. بەبێ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداش، پێمانوانییە بەرەوپێشچوونێک لە عێراق رووبدات”.

لەبارەی کێشەکانی سیستەمی دەنگدان بە شێوەی ئەلیکترۆنی، نێچیرڤان بارزانی گوتی “ئەم سیستەمە نوێیە و ئەگەری هەیە ئاسان نەبێت تاوەکو فێر ببیت تاوەکو بەکاری بهێنیت، بەپێی هەموو پێوەرێک، دەڵێن ئەو سیستەمە باشترە و یەکەمجارە ئەوە لە عێراق تاقی دەکرێتەوە، لە دەنگدانی تایبەت بینیمان، کە بەشێکی زۆر نەیانتوانی دەنگ بدەن، هیوادارم کۆمیسیۆن کار بۆ ئەوە بکات ئەو کێشانە نەبنە رێگر لەبەردەم دەنگدانی هاوڵاتیان و مافی دەنگدانیان نەفەوتێت”.

سەبارەت بە وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆککۆمار لە عێراق بۆ کورد، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی “کێشەی ئێمە لە بەغدا پۆست نییە، کێشەی گەلی کوردستانە، کێشەی ماددەی 140 و داهاتە، ئەمانە کێشەی جددین دەبێت یەکلایی بکرێنەوە. مافی خۆشمانە وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی عێراق، پۆستێکی سیادیمان هەبێت لە بەغدا، کە یەکێک لەوانە پۆستی سەرۆککۆمارە و بە دڵنیاییەوە دەبێت یەکێک لەو پۆستانە بۆ کورد بێت”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com