نوچەنێت: تایبەت
بانگەشەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، گەرموگوڕی پێوە دیارە، بەشێکیان بەهێرشکردنە سەرلایەنی بەرامبەر یەکدی تۆمەتبار دەکەن. ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی دەڵێت “سیاسەت بەشەڕە جنێو و تۆمەت دروستکردن ناکرێت، بەڵکو سیاسەت بە هەنگاوی کرداری و مەیدانی دەکرێت کە ئەنجامی بدەیت”.
بڕیارە ١٢-٥-٢٠١٨ پڕۆسەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەبچێت، دەنگدانە بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی دەبێت.
لەلێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، فازڵ بەشارەتی ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەبارەی چۆنیەتی بانگەشەیان لەسنوری پارێزگای سلێمانی رایگەیاند “تائێستا شێوازی بانگەشەی هەڵبژاردن لای ئێمەی پارتیەکان بە شێوەیەکی تەندروستانە لەگەڵی ڕۆشتووین، ئێمە خۆمان تێکەڵی ئەو حاڵەتە هیستریایە نەکردووە، کە لایەنەکان تووشیبوون و لێی تۆقیون، لە هەڵوێستە سیاسی و شارستانیەتەکانی پارتی، کە گرتوویەتیە بەر لە هیچ شوێنێکی دونیا سیاسەت بەشەڕە جنێو و تۆمەت دروستکردن ناکرێت، بەڵکو سیاسەت بە هەنگاوی کرداری و مەیدانی دەکرێت، کە ئەنجامی بدەیت و ببیتە هۆی ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک”.
فازیل بەشارەتی دەڵێت، ئەگەر بە تۆمەت و پڕوپاگەندە بەخشینەوەی لایەنەکان بوایە، ئەبوایە ئێستا پارتی لەم وڵاتەدا جێگای دانیشتنی نەبوایەتەوە، یان پارتی خاوەنی ئەو کورسیانە بوایە، کە هەندێک لایەن لە بەینی سفر و یەکدان، بۆیە ئەو پڕوپاگەندانەی ئەوان دەیکەن لەلای خەڵکی کوردستان شتێکی زۆر قێزەونە و “لە هەڵبژاردنی چەند رۆژی داهاتوو، حەقیقەتی هەڵوێستی پارتی و شەڕە جنێوەکانی ئەوان لەسندوقەکانی دەنگدان بۆ خەڵک و لایەنەکانیش دەردەکەوێت”.
هەروەها بەشارەتی ئاماژەی بەوەشکرد، لەحەقیقەتدا ئەو لایەنانەی دەڵێن پارتی بەرپرسە لەڕەوشی سلێمانی، ئەوە ڕاکردنی ئەوانە لە بەرپرسیاریەت و ئیحتیفاز نەکردنە بەو بەرپرسیاریەتە ئەخلاقی و نیشتمانییەی کە ئەوان هەیانە، چونکە هەموو کەسێک هەتا ئەوانەشی کە پڕوپاگەندە دەکەن، زۆر باش دەزانن کە وا پارتی دیموکراتی کوردستان بەرپرس نیە لەڕەوشی ئابووری و ئاوەدانکردنەوە و ئەمنی سلێمانی.