رێککەوتن بەبێ ئەمریکا

0

نوچەنێت

دوای ئەوەی، کە دۆناڵد تڕەمپ رایگەیاند، چیدی ئەمریکا پابەندی رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران نابێ و یەکلایەنە لێی دەکشێتەوە، سەرۆککۆماری ئەم وڵاتە دەستبەجێ هەڵوێستی وەرگرت و رایگەیاند “لە ماوەی رۆژانی داهاتوو لەگەڵ وڵاتانی دیکەی لایەن لەم رێککەوتنە، دەکەونە دانوستاندن و گفتوگۆوە، تاکو هەڵسەنگاندن بۆ  مانەوە یان نەمانەوەیان لەم رێککەوتنە بکەن”.

بەم بڕیارەی سەرۆکی ئەمریکا، کۆماری ئیسلامی جارێکی دیکە گەڕایەوە بۆ دۆخێک لە ١٣ ساڵ بەر لە ئێستا ئەزموونی کردبوو، بەم بڕیارەی تڕەمپ، گەمارۆ یەکلایەنەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران جارێکی دیکە دێنە کایەوە.

گرنگترین ئەو وڵاتانەی، کە ئێران هەوڵ دەدات وەک لایەنی ئەم رێککەوتنە بمێننەوە، سێ وڵاتی ئەوروپی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیایە، وێڕای وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا. ئێران بۆ ئەوەی بەرژەوەندیەکەی دابین و مسۆگەر بێت، دەبێ گرەنتی لەم وڵاتانە وەربگرێ. بۆ وێنە رێگەی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ ئەوروپا دەبێ کراوە بمێنێت، کە فەرەنسا گەورەترین کڕیاریەتی. گرێبەستی فرۆشتنی فڕۆکەکانی ئەیر باس و ئەی تی ئاڕ، بە ئێران گرەنتی بکرێ. رێککەوتنی نەوتی نێوان ئێران و کۆمپانیای توتاڵ، کە بە گەورەترین گرێبەستی ئابووری ئێران لە دوای رێککەوتنی ئەتۆمی هەژمار دەکرێ، چاوەڕوانیەکی دیکەی ئێرانە، کە دەبێ تیایدا بەردەوام بێت.

گرەنتی کردنی ئەم گرێبەستانە بۆ وڵاتانی ئەوروپی زۆر ئاسان نییە. لە بواری نەوت و گاز، لەگەڵ گەمارۆ و گوشارەکانی ئەمریکا بەرەوڕوون. دانانەوەی گەمارۆکانی سەر ئێران، کە لە ئەنجامی رێککەوتنەکە هەڵپەسێردرابوون، کێشەیەکی گەورەی بەردەم ئێران و ئەوروپیەکانە. تەنها دوای چەند کاتژمێر لە بڕیارەکەی تڕەمپ، ستێڤن منۆچین، وەزیری خەزێنەداری ئەمریکا رایگەیاند، مۆڵەتی دوو کۆمپانیای بوئینگ و ئەیرباس، بۆ فڕۆشتنی فڕۆکەی نەفەرهەڵگر بە ئێران هەڵدەوەشێنێتەوە.

کۆمپانیای ئاسمانی ئێران ئەیر، دوای ئەوەی، کە رێککەوتنی ئەتۆمی خرایە بواری جێبەجێکردنەوە، داواکاری خۆی بۆ کڕینی ١٠٠ فڕۆکەی ئەیر باس و ٨٠ فڕۆکەی بوئینگ خستەڕوو.

کۆی ئەم گرێبەستانە، دەبێ مۆڵەتی فەرمی ئیدارەی ئەمریکای لە سەر بێت، چونکە بەشێکی زۆری پارچەکانی ئەم فڕۆکە نەفەرهەڵگرانە، دەبێ لە لایەن ئەمریکاوە دابین بکرێن.

بە پێی لێدوانی وەزیری خەزێنەداری ئەمریکا، لە دوای ٩٠ ڕۆژی دیکە، مۆڵەتی هەناردەکردنی فڕۆکە و پارچە و خزمەتگوزارییەکان بەم دوو کۆمپانیا نادەن، بەم پێیە سەرجەم پەیوەندییە بازرگانییەکانی ئێران و وڵاتانی ئەوروپی لە ژێر هەڕەشەی گەمارۆ و سزاکانی واشنتۆن دایە.

ئەم رێککەوتنە دوو لایەنی دیکەی هەیە، واتا رووسیا و چین. ئێران لەم ساڵانەی دوایی لە رووی سیاسیی، سەربازی و تەنانەت ئابووری پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ مۆسکۆ گرێ داوە. ئەمە لە کاتێکدایە، کە خودی رووسیا لە لایەن ئەوروپا و ئەمریکا لە ژێر گەمارۆدایە، داهاتووی ئەم پەیوەندییانەش لە ئێستاوە ناڕوونە.

ئێران هەروەها لەگەڵ چین پەیوەندییەکی باشی گرێ داوە، دوای ئەوەی، کە رێککەوتنی ئەتۆمی واژۆی لە سەر کرا. چین وێڕای ئەمریکا لە داڕشتنەوەی راکتۆری ئاوی قورسی ئەراک بەشدار بووە. راکتۆری ئەراک بە هۆی بەرهەمهێنانی پۆلۆتنیۆم، کە لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بەکار دەدەهێندرێ، یەکێک بووە لە خاڵە جددی و جێ ناکۆکەکانی ئێران و کۆمەڵگەی جیهانی. ئێران لە ئێستاوە دەبێ بیر لە بەردەوام بوونی ئەم پڕۆژەیە لە لایەن چین بکاتەوە. گرەنتی کردنی کرێنی نەوتی ئێران لە لایەن چینەوە، داواکارییەکی دیکەی ئێرانە.

ئێڕان لەم قۆناغەدا چاوەڕوانی لە لایەنەکانی دیکەی رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران ئەوەیە، کە وەک ئەمریکا مامەڵەی لەگەڵ نەکەن. ئەگەر ئێران بتوانێ ئەم خاڵانە بۆ خۆی گرەنتی بکات، بە کردەوە رێککەوتنەکە بەبێ ئەمریکا لە جێی خۆی دەمێنێتەوە. بەدەر لەم حاڵەتە، چاودێران پێیان وایە، کە سێ بژاردەی لە بەردەمدایە.

یەکەم: مانەوەی تەواو لە رێککەوتنەکە، واتا سنووردارکردنی کاروباری ئەتۆمی و بەردەوام بوونی هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم و هاوکات بوونی گەمارۆکانی ئەمریکا، ئەم بژاردەیە رووحانی بەرەوڕووی توندڕەوەکان دەکاتەوە.

دووەم: جێبەجێکردنی بەشێك لە رێککەوتنەکە، واتا سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمیەکەی و بەردەوامبوونی هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی. ئەم بژاردەیە لە لایەن گروپە توندڕەوەکانی ناوخۆوە پێشوازی لێناکرێ، چونکە پێیان وایە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، باری ئەمنی هەیە و رێگە بە چاودێری و کۆنتڕۆڵی لایەنی دەرەکی نادەن.

سێهەم: کشانەوەی یەکجاری لە رێککەوتنەکە، واتا گەڕانەوەی بۆ هەلومەرجی پێش رێککەوتنەکە و دەستپێکردنەوەی سەرجەم چالاکییە ئەتۆمییەکان، ئەمەش گوشاری زیاتری ئەمریکای بەدواوە دێ و پاساوێکی گونجاوە بۆ کەسانی وەک جۆن بۆڵتۆن، کە بیر لە بژاردەی سەربازی لە دژی تاران بکەنەوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com