نوچهنێت: ئاژانسەکان
ئەمڕۆ سێشەممە سەرۆکی ئەمریکا، بڕیاری کۆتایی لەسەر کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران راگەیاند.
ئەمڕۆ سێشەممە ٨-٥-٢٠١٨، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆشکی سپییەوە کشانەوەی ئەمریکای لە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و وڵاتانی ١+٥ راگەیاند، کە لە هاوینی ٢٠١٥ لە سەردەمی ئیدارەی ئۆباما واژۆکرا.
دۆناڵد ترەمپ گوتی “رێککەوتنەکە ئاشتی نەهێنایەئاراوە و رێگری لە ئێرانیش ناکات دەستی بە چەکی ئەتۆمی نەگات. دوای لابردنی سزاکان، ئێران بەردەوامبوو لەسەر پشتگیری گروپە تیرۆریستییەکان.
رێککەوتنەکە رژێمی ئێرانی پاراستووە و لە پشت ئەو رێککەوتنەوە کەرتی سەربازیی گەشەپێداوە، هەروەها موشەکی بالیستی گەشەپێداوە”.
دۆناڵد ترەمپ راشیگەیاند “ئێران هیچ کات نایەوێ دەستبەرداری بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆم بێت. رێککەوتنەکەش لاوازە و رێگری لە ئێران ناکات دەستی بەو جۆرە چەکە ناگات”.
ترەمپ دەڵێت، بەڵێنی ئێرانییەکان لە رێککەوتنی ئەتۆمی درۆ بوو و بووە هۆی ئەوەی رژێمێکی خوێنڕێز بە ئارامی پەرە بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بدات. بۆیە ئەگەر من رێگە بە بەردەوامی ئەو رێککەوتنە بدەم، رێگە بۆ رکابەری ئەتۆمی لە ناوچەکە دەکرێتەوە.
دۆناڵد ترەمپ هەروەها گوتی “ئەمریکا سەرجەم ئەو سزایانە بەسەر ئێران دەسەپێنێتەوە، کە لە ئەنجامی رێککەوتنی ئەتۆمی هەڵیگرتبوون، رێککەوتنی ئەتۆمی رێگەی بە ئێراندا پەرە بە پیتاندنی یۆرانیۆم بدات”.
سەرۆکی ئەمریکا گوتی “پێویستە هەڵسوکەوتە پیسەکانی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رابگرین”.