هەڵوێستی گۆڕان لەسەر دیاریکردنی رۆژی هەڵبژادنەکانی هەرێم

0

نوچەنێت: تایبەت

بەپێی سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رۆژی ٣٠-٩-٢٠١٨ی بۆ هەڵبژاردنەکانی هەرێم دیاریکردووە، ئەندام پەرلەمانێکی گۆڕانیش دەڵێت “هەر کاتێک دیاریبکرێت بۆ هەڵبژاردن، بزووتنەوەی گۆڕان ئامادەیە”.

بڕیاربوو رۆژی ١-١١-٢٠١٧، پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان ‌و سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر‌ و ئامادەنەبوونی هەندێ حزب بۆ هەڵبژاردن، بۆ ماوەی هەشت مانگ کاری پەرلەمانی کوردستان درێژکرایەوە.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، ئەیوب عەبدوڵڵا ئیسماعیل، ئەندامی فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند “ئێمەو وەک بزووتنەوەی گۆڕان، هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستاندا نەبووین و پێمان باشبوو هەڵبژاردن لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا بکرێت، ئێستاش هەر کاتێک دیاریبکرێت بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، ئێمە لەگەڵیداین، بۆ ئەوەی چیدیکە دوا نەکەوێت”.

ئەو پەرلەمانتاری گۆڕان داواش دەکات، رێوشوێنی پێویست بۆ هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بگیرێتەبەر و حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی حکومەتی عێراق، لەم هەڵبژاردنە سندوقی زیرەک بۆ دەنگدان بەکاربهێنێت، بۆ ئەوەی رێگری بکرێت لە ساختەکاری.  

ئەیوب عەبدوڵڵا دەڵێت “لەهەمان کاتدا لەگەڵ پاککردنەوەی لیستی دەنگدەرانداین، لەناوی مردوو، ناوی دووبارە و ناوی وەهمی”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com