نوچەنێت: تایبەت
بەڕێوبەری پۆلیسی هەولێر رایدەگەیەنێت، تاکو ئێستا رابوون مەعرووف هیچ سکاڵایەکی لەدژی هیچ کەسێک تۆمار نەکردووە، دەشڵێت “پۆلیسی هەولێر بەدواداچوونی تەواو بۆ ڕووداوەکە دەکات، ئەگەر ئەو بێت زانیاریمان لەسەر چۆنیەتی ڕوودا وەکە پێبدا”.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە ٨-٥-٢٠١٨، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چەند وێنەیەکی رابوون مەعرووف، سەرۆکی لیستی نەوەی نوێ لە هەولێر بڵاوکراونەوە، لە وێنەکاندا شوێنەواری لێدان بەجەستەیەوە دیارە. هاوکات میدیاکانی سەر بە لیستی نەوەی نوێ بڵاویانکردەوە، کە ئێوارەی رۆژی دووشەممە ٧-٥-٢٠١٨، لە شاری هەولێر هێرشکراوەتە سەر سەرۆکی لیستەکەیان و بریندارکراوە و رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر، سەبارەت بەڕووداوی هێرشکردنەسەر رابوون مەعروف لەهەوڵیر، رایگەیاند “تاکو ئێستا رابوون مەعرووف لەسەر رووداوەکە هیچ سکاڵایەکی دژی هیچ کەسێک تۆمار نەکردووە، هیوادارین سەردانی بنکەی پۆلیسی هەولێر بکات و سکاڵای یاسایی لەدژی ئەو کەسانە تۆمار بکات، کە هێرشییان کردووەتە سەر، بۆ ئەوەی سزای خۆیان وەرگرن”.
بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بۆئەوەشکرد، هەرچەندە ئەو هیچ سکاڵایەکی تۆمار نەکردووە، بەڵام پۆلیسی هەولێر بەدواداچوونی تەواو بۆ ڕووداوەکە دەکات، ئەگەر ئەو بێت زانیاریمان لەسەر چۆنیەتی ڕوودا وەکە پێبدا، چونکە ئەو هیچ زانیارییەکی پێنەداوین.