ئەنجوومەنی خانمان: خۆزگە سەرکردەکانی تریش وەکو نێچیرڤان بارزانی ئیدانەی ئەم کارەیان بکردایە

0

نوچەنێت

کۆسار کەریم، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای کار و باری خانمان لە کوردستان، لەگفتوگۆیەکی تایبەت بە نوچەنێت رایگەیاند، بڵاوکردنەوەی وێنەو گرتەی ڤیدیۆیی لەسەر کاندیدانی ئافرەت، بەرنامەیەکە بۆ پاشەکشە یان، خۆزگە لە ئاستی سەرکردایەتی حزبە سیاسییەکان ئیدانەکرابوایە”.

لەگەڵ دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵىژاردن بۆ پەرلەمانی عیراق، هەندێ گرتەی ڤیدیۆیی و- وێنە، دژی ژنانی کاندید بڵاوکرانەوە، کە زۆر کەس بە دروستکراوی دەزانن.

ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان دەڵێن، ئێمە هەرزوو بە بەیاننامە ئیدانەمان کردووەو لەگەڵ داواکاری گشتی لەسەر خەتین، بۆئەوەی بیکەینە کەیسێکی یاسایی و بیجوڵێنین. بۆ ئەو مەبەستە دەستمان بەکۆکردنەوەی بەڵگەکان کردووە، کە بەمەبەستی ناوزڕاندن ئەنجامدراون ئەگەر بە قسەش بێت، بەڵام تا ئێستا گرتەی ڤیدیۆییمان لەسەر کاندیدانی ژن لە کوردستان دەست نەکەوتووە، بۆیە دەڵێین” ئەم بابەتە گەورەکراوە، لە کوردستان گرتەی ڤیدیۆییمان نییە”.

ئەندامەکەی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان، سەبارەت بە بەدواداچوونی یاسایی گوتی” تا ئێستا هیچ سکاڵایەک نە لای ئێمە و نە لای کۆمسیۆن و نە لە دادگا. لەسەر ئەم بابەتە تۆمارنەکراوە، بەڵام ئێمە خۆمان بەپێی یاسای سزاکانی عیراقی هەموارکراوی هەرێمی کوردستان لەسەر بڕگەی ناوزڕاندن،   لەگەڵ داواکاری گشتی بە دواداچوونی یاسایی دەکەین تا کۆتایی”.

لەبارەی کارکردن بۆ نەهیشتنی ئەم ناوزڕاندن و هێرشکردنە، بەرامبەر بەژنان، کۆسار دەڵێت” دەبوایە سەرکردایەتی حزبە سیاسییەکان، هەموویان قسەیان هەبوایە، چونکە کاریگەری لەسەر ئەندام و لایەنگرانی خۆیان دەبێت، بەڵام جگە لە نێچیرڤان بارزانی، هیچ سەرکردەیەکی تری حزبەکان، ئیدانەی ئەم کارەیان نەکرد”.

سەبارەت بە کاریگەری قسەی سەرکردەکان لەسەر ئەم بابەتە، کۆسار کەریم ئاماژە بە کاریگەری قسەکانی بارزانی دەکات” پێموایە قسەکانی نێچیرڤان بارزانی، کاریگەری باشی لەسەر ئەندام و لایەنگرانی پارتی هەیە، ئەگەر سەیرێکی پەیج و سایتەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بکەی، جگە لە بانگەشەی ئاسایی بۆ کاندید و لیستەکەی خۆیان هیچ ناوزڕاندنێکی بە پیاویش تێدا نییە نەک ژن، خۆزگە سەرکردەکانی تریش ئیدانەیان بکردایە”.

لەبارەی رێوشوێنی پێویست بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی کە ئەم جۆرە کارە دەکەن، کۆسار دەڵێت” ئاسایشی شارەکان، بە ئاسانی دەتوانن ئەم پەیج و کەسانە بدۆزنەوە و سزایان بدەن، یانیش پەیوەندی بە کۆمپانیای فەیس بوکەوە بکرێت، کە رێگری لە هەبوونی ئەم جۆرە پەیجانە بکات”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com