نوسینگه‌ی‌ مالیكی: سبه‌ینێ‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ و پێشمه‌رگه‌ ده‌گه‌نه‌ رێككه‌وتنی‌ كۆتایی

0

نوسینگه‌ی‌ مالیكی: سبه‌ینێ‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ و پێشمه‌رگه‌ ده‌گه‌نه‌ رێككه‌وتنی‌ كۆتایی

نوچەنێت

خه‌ندان – عه‌لی‌ ناجی‌

دوای‌ دوو رۆژ وتووێژ بڕیاره‌ سبه‌ینێ‌ هه‌ردوو وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ عیراق و وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بگه‌نه‌ رێككه‌وتنی‌ كۆتایی سه‌باره‌ت به‌ دۆسێی‌ ئه‌منی‌ ناوچه‌ دابڕاوه‌كان و كۆتایی به‌ گرژی‌ و ئاڵۆزییه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ ئه‌مدواییه‌ بێت.

نووسینگه‌ی‌ فه‌رمانده‌ی‌ گشتی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانی‌ عیراق ئاشكرای‌ كرد كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ دووه‌میاندا وه‌فدی‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ عیراق و وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ سبه‌ینێ‌ ره‌شنووسی‌ نه‌خشه‌رێگایه‌ك ئاماده‌بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ ئاینده‌دا قه‌یران دروست نه‌بێت.

عه‌قید زیا ئه‌لوه‌كیل وته‌بێژی‌ ره‌سمی‌ نووسینگه‌ی‌ نوری‌ مالیكی فه‌رمانده‌ی‌ گشتی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانی‌ عیراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ وێنه‌یه‌كی‌ ده‌ست خه‌ندان كه‌وتووه‌ رایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ له‌ نووسینگه‌ی‌ فه‌رمانده‌ی‌ گشتی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كان كۆبوونه‌وه‌ی‌ دووه‌می‌ وه‌فدی‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ عیراق و وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ڕێوه‌چوو.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌دراوه‌ كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا میكانیزمی‌ كاری‌ نوێی‌ كاركردن دانرا بۆ په‌یوه‌ندی‌ و هاوكاری‌ هاوبه‌شی‌ نێوان هێزه‌ چه‌كداره‌كان و هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ و دانانی‌ چاره‌سه‌ری‌ پێویست بۆ چاره‌سه‌ركردن و كۆنترۆڵكردنی‌ هه‌ر كێشه‌یه‌ك كه‌ له‌ ئاینده‌دا رووبدات و پێكهێنانی‌ لیژنه‌ی‌ باڵا كه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ دیاریكراویان هه‌بێت له‌و دۆسێیه‌دا.

وته‌بێژی‌ ره‌سمی‌ نووسینگه‌ی‌ فه‌رمانده‌ی‌ گشتی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانی‌ عیراق روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا رێككه‌وتن تا سه‌رله‌به‌یانی‌ سبه‌ینێ‌ كارنامه‌یه‌ك ئاماده‌ بكرێت و سه‌رجه‌م ئه‌و خاڵانه‌ی‌ تیادا بێت كه‌ هه‌ردوولا له‌سه‌ری‌ رێككه‌وتوون بۆ ئه‌وه‌ی‌ سبه‌ینێ‌ دوانیوه‌ڕۆ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ عیراق و پێشمه‌رگه‌وه‌ ئیمزا بكرێت.

پێشتریش سكرتێری رۆژنامه‌وانی ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا رایگه‌یاند كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ له‌سه‌ر 14 خاڵ رێككه‌وتن.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com