نوچەنێت
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە فێستیڤاڵی بانگەشەی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر گوتارێکی پێشکەش کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە ٧-٥-٢٠١٨، نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە فێستیڤاڵی بانگەشەی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا رایگەیاند “پارتی بۆیە سەری هەڵدا، تا خەڵکی کوردستان بتوانێ لە ڕێی ململانێی دیموکراسییەوە داهاتووی خۆی دیار بکات، لەو بڕوایەدام، وەک چۆن پێشەنگی خەباتی پێشمەرگایەتی بوو، پارتی پێشەنگی خەباتی دیموکراسی دەبێ“.
نێچیرڤان بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، کە ٧٢ ساڵە ڕێگەی ململانێی دیموکراسی دەکوتینەوە، وەک پارتی و وەک گەلی کوردستانیش دەبێ هەر سەرکەوین، ئەمجارەش دەچینە سەر سندوقی دەنگدان، تاوەکوو چارەنووسی وڵات لە ڕێگەی دەنگدان یەکلا بکرێتەوە“.
نێچیرڤان بارزانی، ئەوەشی روون کردەوە: ”ئێوە مافی خۆتانە ژیانێکی خۆش و سەربەرزانە بژین کە هەموو لایەک تێیدا یەکسان بن، وەک نەتەوە و مەزهەب و ئایین، پارتی هەر بۆ ئەو مەبەستە دروست بووە و هەر بۆ ئەوەش خەبات دەکات، ئەمڕۆ باری ئەم خەباتەی کوردستان کەوتووەتە سەر ئێوەی کچ و کوڕانی وڵات، بەشانازییەوە ئێوە شایانی ئەوەن ئەم بارە هەڵبگرن. ئێمە دڵنیاین، کە ئێوەی لاوانی وڵات نایەڵن پارتە تێکۆشەرەکەتان لە ململانێی دیموکراسیدا یەک هەنگاو دوا بکەوێت“.
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتیشی ”ئێوەی لاوانی وڵات نایەڵن پارتەکەتان یەک چرکە ڕیزی پێشەوەی وڵات بەربدات، نابێ ئێوە ڕێگە بدەن، هیچ لایەک بتوانێت یەک هەنگاو پێش پارتی بکەوێ، پارتی دایک و باوکی خەباتی دیموکراسییە لە کوردستان، دواکەوتنی پارتی واتە دواکەوتنی خەبات و بزاڤی دیموکراسی“.
نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوەش کردەوە، کە ناحەزانی پارتی باش دەزانن، بەرزترین چرای خەبات وا بەدەست ئێوەیە، ئەوان باش دەزانن، کە درێژترین هەنگاو، ئەوانەن، کە پارتییەکان دەیهاوێژن، گەورەترین دەستکەوتی وڵاتیش، هەر بە خەباتی پارتی بەدی دێت. بۆیە تەنیا ئەوەیان لەدەست دێت، پاشقوڵتان لێ بگرن و هەوڵی ڕاگرتنی هەنگاوەکانتان بدەن، کە هەرگیز ناتوانن.
نێچیرڤان بارزانی گوتی ”ئەوان لە دژی پارتی سڵ لە هیچ هێڵێکی سوور ناکەنەوە و دەچنە هەر سەنگەرێکەوە تەنانەت ئەگەر لەسەر حیسابی مافی رەوای خەڵکی کوردستانیش بێت، هەرچەندە مەحاڵە کەس بتوانێت جێ بە پارتی لەق بکات، بە پاڵپشتیی ئێوە، ڕەگی پارتی قووڵە، وەک ڕەگی تێڵەکانی گارە و شاهۆ و سەفین“.
نێچیرڤان بارزانی ئەوەشی روون کردەوە، کە چاوەڕوانین ئەمجارەش دەنگەکانتان سندوقەکانی دەنگدان بە سەرکەوتنی پارتی ڕازاوە بکەن، دەشڵێت ”ئێمە زۆر دڵنیاین لەوەی جەماوەری پارتی بە ئاسانی سارد نابێتەوە و ڕێگەی خۆی ون ناکات، ململانێی ئەمجارە تەنیا ئەوە نییە ململانێیەکی حزبییانەی پارتی و چەند لایەنێک بێت، بەڵکوو ململانێیە لەنێوان ڕەش و سپیدا، ململانێیە لە نێوان براوە و دۆڕاوی دۆزی سیاسیی کوردستاندا، ئەوان کە ململانێی پارتی دەکەن، دەیانەوێ کوردستان بە دۆڕان بدەن، ئەمەش ئەو هێڵە سوورەیە، کە حیسابیان بۆی نەکردووە. دەبێ ئەوەشتان لەبیر بێت، کە پارتی حزبی ترس و دوودڵی نییە، ئێمە لەوەتەی هەین، وشەی ترسمان لە قامووسی خۆماندا سڕیوەتەوە. ترس و دوودڵی ئێمە، تەنها بۆ مافی گەلی کوردستانە، ئەگینا ئەوپەڕی بڕوامان بەخۆمان هەیە“.
نێچیرڤان بارزانی گوتی، کە هیچ ڕۆژێک نەیانگوتووە بێهەڵەن، هەموو هەڵەیەکی ئەمڕۆ شایانی ئەوەیە بەیانی ڕاست ببێتەوە، کێشەی نێوان پارتی و ناحەزانی ئەوە نییە کە کێ هەڵەی زۆرە و کێ هەڵەی زۆرە، کێشە ئەو دوو ڕێگە جیاوازەیە کە هەرلایەک گرتوویەتی، ڕێگەی پارتی ڕێگەی بەدیهێنانی مافی ڕەوا و ڕاستەقینەیە، ڕێگەی ئەوانیش بۆ ئێوە جێدەهێڵم پێناسەی بکەن.
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی ”قسەیەکی کوردەواری هەیە، کە دەڵێ (دار بە پیری ناچەمێتەوە)، پارتی ئەو دارە پیرەیە، کە نە پلانی کەسانی ناوخۆ وادەکات بچەمێتەوە، نە بە هێزی ڕەشەبای دوژمنانیش دەچەمێتەوە، پارتی لە مێژووی خۆیدا چەندجار نسکۆی دیوە، بەڵام هەمووجار هەڵساوەتەوە و بووەتەوە شۆڕەسواری چاپوکتر لە جاران، بێگومان هەمووی بەپاڵپشتی کۆمەڵگەی کوردەواری و ئێوەی ڕەسەن بووە. ئێوە دڵنیا بن، هەموو خەونێکی سەر ئەم خاکە، شایانی بەدیهێنانە، بۆیە دڵنیابن کەوا خەونی گەورە و بچووکی هەمووتان بەدی دێت، خەونی سیاسی و ئابووری و ئاوەدانی و ڕۆشنبیری و پێشکەوتنی زمانی کوردی، هەروەها خەونی تاک بەتاکی مرۆڤی کوردستان لە ژیانێکی بەختەوەردا بەدی دێت، کە هەمووی مافی زوڵاڵی ئێوەیە، پارتی لە مێژووی خۆیدا پاسەوانی ئەو خەونانەی ئێوە بووە، مەگەر ئەو پاسەوانە مردبێ، ئەگینا ئەو خەونانەی ئێوە هەمووی بەدی دێت“.
نێچیرڤان بارزانی، جەختی لەوەش کردەوە، کە پارتی دروستکەری بڕوا و متمانەی هاوڵاتیانی کوردستانە، کە هاوڵاتییەکی هۆشیارە بە کێشەی سیاسیی خۆی، پارتی حزبی خەونەکانی شەرەفخانی بەدلیسی و ئەحمەدی خانی و حاجی قادری کۆیەیە، دەشڵێت: ”سەروەرمان ئەحمەدی خانی لە باسی خەون و خەیاڵی خۆیدا دەڵێ (ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەو خەونەم بەدی بێت، ئەوا من دێ عەلەما کەلامێ مەوزون، عالی بکرا لەبانی گەردوون)، کەلامی مەوزوونی خانی قسەی بەگوێ و حەقی خانی، بە دڕێژایی ٧٢ ساڵ، ئاڵایەک بووە بە دەستی پارتییەوە، ئێوە دەبێ ئەو ئاڵایە هەر بە بڵندی ڕابگرن و لە ئاسماندا بە شەکاوەیی بمێنێتەوە، ئەمڕۆش لەپێناو بەرزیی ئەو ئاڵایەدا کە ٧٢ ساڵە پارتی خەباتی بۆ دەکات، هەروەها بۆ ئەوەی ئەو ئاڵایە هەر بەسەرمانەوە شەکاوە بێت، بڕۆن دەنگ بدەن بە پارتی، دەنگ بە لیستی ژمارە ١٨٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن، دەنگی ئێوە داهاتوو دروست دەکات، هیچ بیانووێک مەدۆزنەوە بۆ دەنگ نەدان، ئێوە بزانن کەوا بەشداریتان داهاتوو دەگۆڕێت“.
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەش دا، کە بڕۆن دەنگ بە پارتی بدەن، دەنگ بە بارزانی بدەن، ئەو کەڵە پیاوە ماندووەی هەزاران میلی دەبڕی لە پێناو خەونێکی ژن و منداڵ و پیر و لاوی ئێوەدا، دەنگ بدەن بەو خوێنانەی سەدان ساڵە تێکەڵی خاک دەبن، دەنگ بدەن بەو ناڵە و هاوارانەی هێشتا وان لە گوێی ئێمە دان، دەنگ بدەن بەو هەنگاوانەی ماندوو نابن و شل نابن و ڕاناوەستن، دەنگ بە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن، دەشڵێت: ”خۆشەویستان بۆ ئەوەی سبەینێ دروست بکەین، دەبێ بەردەوام ئاوڕ لە دوێنێ بدەینەوە، ئێوە گەلێک قوربانیتان داوە، باوک و باپیرانتان خوێن و عارەقیان ڕشت، دایک و باوکتان فرمێسکی سڕی، هەموو ئەوانە لە پێناو داهاتوودا کە لەنێوان پەنجەکانی ئێوە دایە“.
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی ”روون و دیارە بۆ هەموو لایەک، کە ئێمە بووین هەرێمی کوردستانمان ئاوەدان کردەوە و کردمان بە بەشە جوان و ڕازاوەکەی عێراق و هێمنایی و تەناهیمان دابین کرد، خۆشگوزەرانیمان کردە بارێکی نەگۆڕ لە خەونی هاوڵاتیاندا. لەمەودوا هەر بە گەموکوڕییەکەی جاران دەست پێ دەکەینەوە و سەر لەنوێ پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانی بە پشتیوانی ئێوە دەست پێ دەکەینەوە، دوای ئەوەی دەچینەوە بۆ بەغدا، جارێکی دیکە درێژە بەو خەباتە دەکەین، کە لە ٢٠٠٥ەوە دەستمان پێ کردووە، بەشداریی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ پاراستنی مافەکانی گەلی کوردستان زۆر گرنگە، بۆ ئاشتی و یەکڕیزی درێژە بە ڕۆڵ و خەباتی خۆمان دەدەینەوە، هەمووان پێویستییان بە ڕۆڵی ئەرێنیی پارتییە، گرنگترین دوو کێشەی ئێمە لەگەڵ حکومەتی فیدرال ئەوەیە، کە یەکەمیان مافی هەرێمی کوردستانە لە داهاتی گشتیی وڵات، دووەمیشیان کێشەی ماددەی ١٤٠ـە، کە هەرێم زیاتر لە ١٢ ساڵە چاوەڕێی جێبەجێکردنی دەکات؟.
نێچیرڤان بارزانی گوتی “ئەو دوو کێشەیە پێش هەموو شتێک، داوای یەکڕیزیی نێوان خۆمان دەکەین، وەک لایەنەکانی ناوخۆی هەرێم، لە ئێستاوە تکا دەکەم پێویست نییە ئەو ناکۆکییانەی نێوان خۆمان ببەینە بەغدا، بەغدا کێشەی خۆی زۆرە و ناتوانێ فریای ئێمە بکەوێت، دەتوانین لە کوردستان تیماری دەردی خۆمان بدەینەوە، دواجا دووبارە داوا دەکەم دەنگ بە لیستی ١٨٤ بدەن“.