نوچەنێت
سەڵاحەدین دەمیرتاش، کاندیدی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا، لە زیندانەوە پەیامێک ئاراستەی کوردانی تاراوگە دەکات و داوایان لێدەکات، بەشێوەیەکی کارا بەشداریی پرۆسەی دەنگدان بکەن.
بڕیارە رۆژی ٢٤-٧-٢٠١٨، هەردوو هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و سەرۆکایەتی کۆمار پێکەوە بەڕێوەبچن، چەند کەسایەتییەکیش خۆیان بۆ سەرۆکایەتی کۆمار کاندید کردووە و رکابەرایەتی ئەردۆغان دەکەن”.
دەمیرتاش لە گفتوگۆیەک، کە لەڕێگەی پارێزەرەکانییەوە ئەنجامیداوە رایگەیاند “لە قۆناغی هەڵبژاردنەکاندا ئەرکێکی گرنگ دەکەوێتە سەر کوردانی تاراوگە و داوایان لێدەکات، بەشێوەیەکی کارا، رۆڵ لە سەرخستنی پرۆسەکەدا بگێڕن”.
دەمیرتاش دەشڵێت، ئەو دەنگانەی لە دەرەوەی وڵات دەدرێن، چارەنووسساز دەبن، هەر بۆیە داوا لە گەلی کورد و کەسانی وڵاتپارێز و هێزە دیموکراتخوازەکان دەکات تا ٧ی حوزەیران، کە پرۆسەی دەنگدان لە دەرەوەی وڵات دەستپێدەکات، ئامادەکاری تەواو بکەن و مسۆگەر بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان.