نوچەنێت
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، هەرچەندە لەلایەن بەرپرسانی حکومەتی عێراقەوە پێشوازی لەو پێشنیازە کراوە، کە نەوتی کەرکوک لەڕێگەی بۆڕی هەرێمی کوردستانەوە هەناردەبکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا گفتوگۆی جددی و چڕوپڕی لەبارەوە نەکراوە.
سەفین دزەیی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی دووشەممە ٧-٥-٢٠١٨ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە هەولێر، لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک رایگەیاند “سەبارەت بە هەناردەکردنی ئەو ٢٥٠ هەزار بەرمیلەی جاران لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە نەوتی کەرکوک هەناردەدەکرا، کە دوای رووداوەکانی ساڵی رابردوو (١٦ی ئۆکتۆبەر) لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی عێراقە، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشنیازێک پێشکەشی وەزارەتی نەوت و سەرۆکوەزیرانی عێراق کراوە”.
گوتەبێژی حکومەت راشیگەیاند “پێشنیازەکە بریتییە لەوەی، ئەو بڕە نەوتەی ئێستا سوودی لێوەرناگیرێت، لە رێگەی بۆڕی هەرێمی کوردستان هەناردەی تورکیا بکرێت، کۆمپانیای سۆمۆ، کە هی خودی عێراقە، سەرپشک بێت لە بەبازاڕکردن و فرۆشتنی، داهاتەکەیشی بۆ خەزێنەی گشتیی عێراق بگەڕێتەوە، بەمجۆرە هەرێمی کوردستان و هەموو عێراق لێی سوودمەندبن، وەکو پێشنیاز پێشوازی لێکراوە، بەڵام وەکو گفتوگۆ و لایەنی تەکنیکی گفتوگۆی زیاتر و چڕ تائێستا نەکراوە”.