نوچەنێت
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەران رایدەگەیەنێت، كه هێز و لایه‌نه شیعه‌كان بۆ قۆناغى داهاتوو عێراقێكى فیدڕاڵییان ناوێت، به‌ڵكو ده‌یانه‌وێت وڵاتێكى ئیسلامی و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتى ناوه‌ندییان هه‌بێت، بۆیە جەخت دەکاتەوە “پێویستە كورد به یه‌كهه‌ڵوێستییه‌وه بچێته به‌غدا و كێشه حزبییه‌كان له كوردستان چاره‌سه‌ر بكه‌ن”.
مه‌سعود حه‌یده‌ر، په‌رله‌مانتارى كورد له ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، له نووسینێكیدا به‌ناونیشانى “کورد چی بکات لە چوار ساڵی داھاتوو لە عێراق؟؟” نووسیویه‌تى “ئەو کێشانەی لە عێراق کەڵەکە بوونە زادەی ساڵ و دوو ساڵ نیین، لەوەتەی عێراق دروستکراوە پێکھاتەی سوننە، کورد و شیعە دەچەوسێنێتەوە، به‌ڵام لە دوای روخانی بەعس، شیعە پاکتاوی نەژادی سوننەی كرد و بەغدادی پایتەخت کرا بە شاری شیعە و سوننەیان لەو شارە، ده‌ركرد”.
مه‌سعود حه‌یده‌ر ئاماژه‌ى به‌وه‌شداوه، كه شیعە لە دوای نووسینەوەی دەستوور و ئەو ھاوپەیمانی و ھاو مەزڵوومیەتەی لەگەل کورد ھەیبوو، پشتی تێکرد. دەیانەوێت دەوڵەتێکی ئیسلامی شیعی دابمەزرێنن و ئیدارەكه‌شی مەرکەزی بێت، چونكه ئه‌وان چیتر باوەڕیان بە فیدراڵی و هاوبه‌شىنەماوە، پێیان وایە ئەو ھەزار ملیار دۆلارەی دزرا و بەھەدەرچوو، ئۆباڵى شكستهێنانه‌كه‌ى ئه‌وان نین، بەڵکو هۆكاره‌كه‌ى سوننە و کورد بووه”.
ئەو پەرلەمانتارە جه‌ختیش ده‌كاته‌وه، کێشەکانی کورد، کە دەستوور چارەسەری کردوون، زیاتر لە ١٣ ساڵە لە بازنەیەکی داخراودا دەسووِرێنەوە “ئاسۆی چارەسەر لەم نزیکانە نابینم، زۆربەی سەرکردەکانی کورد لە بەغداد بوون و ھاوپەیمانی شیعە خۆی لە چارەسەر دەدزیەوە، لە قۆناغی داھاتووش ئەو کێشانە چارەسەر ناکرێن، چونکە عێراق ئیرادەی بەدەست خۆی نییە و لە شوێنی ترەوە ڕاده‌سپێردرێت، بۆیه ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە، کورد لە قۆناغی داھاتوو چی بکات لە عێراق؟”.
مه‌سعود حه‌یده‌ر جەخت دەکاتەوە و دەڵێت “ئەوەی، کە گرنگە لە تەشریعکردنی یاساکاندا لە جیاتی ھەوڵی لاوازکردنی پێگە و دەسەڵاتی ھەرێم و شەڕی یەکتر، ده‌بێت کورد لەسەر پرسە نیشتمانێکان یەکھەڵوێست بێت و ھەوڵی بەھێزکردنی ھەرێم بدەن و رێگە نەدرێ بەغدا بێ هه‌ماهه‌نگیی لە گەڵ ھەرێم بتوانێ ھەندێك بریار ھەیە بیدات”.
ناوبراو ھەروەھا به‌گرنگی ده‌زانێت، کورد لە حکومەتی فیدڕاڵی پێگەی بەھێزی ھەبێت و ئەوەی بە ناوی چاکسازییەوە لە حکومەتی حه‌یده‌ر عه‌بادی كرا، جارێکی تر قه‌بووڵ نەکرێت: “گرنگە گۆرەپانی فیدرالی بە دەسەلاتی تەشریعی و جێبەجێکردنەوە چۆل نەکرێت و ھەماھەنگیەکی دامه‌زراوه‌یی لەگەل حکومەتی ھەرێمى كوردستان بونیادبنرێت، بۆ ئەوەی لە دام و دەزگا فیدڕالییه‌كان باشترین خزمەت بە پێگەی یاسایی کورد بکرێت”.
مەسعود حەیدەر به‌پێویست و گرنگى ده‌زانێت، کێشەی حزبەکانی ھەرێم و شەڕی یەکتر نەبرێته به‌غدا، چونکە ئەزموون سەلماندی تەنھا بەکارئەھێنرێن بۆ لاوازکردن و ناشرینکردنی کورد لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، ھەرکەسێکیش پەیمانی ئەوە بدات، کە دارەکەی موسای پێیە و لە چوارساڵی داھاتوو کێشەی ھەرێم و خەڵکەکەی لە بەغدا چارەسەر دەکات، ئەوە راستگۆ نییە، کێشەکان لە نێوان پێکھاتەکانی عێراق رۆژ بە رۆژ ئاڵۆرتر دەبن و ئاسۆی چارەسەر نادیارە.
لە کۆتاییدا مەسعود حەیدەر دەڵێت “کوردستان بە ھەموو کەم و کوڕیەکەوە لە ھەموو ناوچەکانی تری عێراق باشترە و پێویستە باشتری بکەین و ئەو ئیرادەیەش بۆ چاکسازیی و باشترکردن، هه‌یه”.