نوچەنێت: تایبەت
تائێستا هاتووچۆی مەدەنی لە نێوان پارێزگای موسڵ و دهۆک هەیە و هاتووچۆی بازرگانی دەستیپێنەکردووەتەوە، ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ-یش دەڵێت “هیچ رێگرییەک بۆ کردنەوەی رێگاکە نییە و تەنها پەیوەندی بە حساباتی ئەمنیەوە هەیە، لە ئایندەیەکی نزیکیشدا سەر جەم ئەو رێگایانە دەکرێنەوە”.
لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە رێگاکانی نێوان پارێزگای (موسڵ– دهۆک) تەنها یەکێکیان کراوەتەوە، و رۆژی ٥-٣-٢٠١٨،رێگایەکی تری نێوان ئەو دووپارێزگایە بۆماوەی رۆژێک کرایەوە، دواتر بڕیاری داخستنی دەرکرایەوە . ئەو رێگایەی ئێستا لەنێوان موسڵ و دهۆکدا هاتووچۆی مەدەنی تێدا دەکرێت و بەسەر بەنداوی موسڵداتێدەپەڕێت.
خەڵکی شنگال و زوممار لەوێوە هاتووچۆ دەکەن و لەدهۆکەوە زیاتر لە ٤ کاژمێر بەڕێوەدەبن، بەڵام ئەگەر رێگاکانی دیکە کراوە بن، دهۆک بۆ شنگال تەنها ٢ کاژمێر دەخایەنێ، ئەمەش وێرای ئەوەی تائێستا هاتووچۆی بازرگانی لەنێوان ئەو دوو پارێزگایە دەستی پێنەکردووەتەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، بەشار کیکی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ، لەبارەی کردنەوەی رێگای نێوان موسڵ و دهۆک رایگەیاند “رێگای نێوان پارێزگای موسڵ و دهۆک، تەنها رێگای مەدەنی کراوەیە و هاوڵاتیانی مەدەنی دەتوانن هاتووچۆی تێدا بکەن، رێگای هاتووچۆی بازرگانی لە نێوان ئەو دوو پارێزگادا نەکراوەتەوە، بەڵام رێگای بازرگانی نێوان موسڵ و هەولێر کراوە”.
بەشار کیکی گوتیشی “لەئێستادا لایەنە پەیوندیدارەکان سەرقاڵی دانانی بازگەن لە نێوان موسڵ و دهۆک، بە مەبەستی کردنەوەی رێگای بازرگانی. لە ئایندەیەکی نزیکدا سەرجەم ئەو رێگایانە دەکرێنەوە، کە پێشتر هاتووچۆی بازرگانی تێدا دەکرا”.
سەبارەت بە هۆکاری نەکردنەوەی رێگای بازرگانی ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ ئاماژە بەوە دەکات، هیچ رێگرییەک نییە بۆ کردنەوەی رێگاکە و حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، هەموو ئامادەییان تێدایە بۆ کردنەوەی، بەڵام پەیوەندی بە حساباتی ئەمنیەوە هەیە.