نوچەنێت
ئەمڕۆ یەکشەممە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گەیشتە شاری دهۆک و دوای سەردانی لێقەوماوانی لافاوەکەی شەوی رابردووی دهۆکی کرد و لە بانگەشەی لیستی حزبەکەی رایگەیاند “بۆ ناحەزان و هەموو لایەکی دەسەلمێنن ناتوانن پارتی بشکێنن”.
نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، رۆژی یەکشەممە ٦-٥-٢٠١٨ لە شاری دهۆک بەشداری ئاهەنگێکی جەماوەری لیستی ١٨٤ حیزبەکەی کرد و گوتارێکی پێشکەشکرد.
نێچیرڤان بارزانی گوتی “لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق حیسابی گەورەترین حیزبی کوردستان بۆ پارتی دەکرێت، پارتیش بە کردار سەلماندوویەتی تاوەکو پارتی هەبێت خەڵکی کوردستان پارێزراو دەبێت”.
جێگری سەرۆکی پارتی راشیگەیاند “پارتی گەلێک سەروەری بۆ هەرێمی کوردستان تۆمارکردوون، ئێستاش قۆناغێکی دیکە دەستپێدەکەین و بۆ بەرگریکردن لە مافەکانتان دەچینە بەغدا، کاندیدەکانی پارتی بەوپەڕی توانایانەوە بەرگری لە مافەکانتان دەکەن”.
بە جەختکردنەوە لەوەی سازش لەسەر هیچ مافێکی خەڵکی کوردستان ناکەن، نێچیرڤان بارزانی گوتی “تاوەکو خاوەنی جەماوەری وەک ئێوە بین، بۆ ناحەزانی دەسەلمێنین ناتوانن پارتی بشکێنن، ناتوانن کوردستان لاوازبکەن، هەروەها ناتوانن خاکی کوردستان بفرۆشن، پارتی بە خوێنی شەهیدان بەرەنگاریان دەبێتەوە”.
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بە سەرکەوتنەکانی پێشمەرگەش کرد و گوتی “پێشمەرگە لە چوار ساڵی رابردوودا خەڵکی کوردستانیان لە دوو شەڕی گەورە پاراست، پێشمەرگە بەسەرۆکایەتیی بارزانی توانی گەورەترین رێکخراوی تیرۆریستی لەسەر ئاستی جیهان تێکبشکێنێت”.